سەردێر

نامەبەرەكەی داعش دەستگیر كرا

خەڵك-

هەواڵگری سەربازی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە سنووری پارێزگای كەركوك چەكدارێكی داعشیان دەستگیركردووە كە كاری سەرەكی ناردنی نامە بووە.

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، تۆمەتبارێك لە ئۆپراسیۆنێكی ووردی هەواڵگری و بە بەپشت بەستن بە زانیاری وورد و بەدواداچوونێكی بەردەوام لەناوچەی زابی قەزای حەویجەی سەر بەپارێزگای كەركوك دەستگیر كرا.

ئاشكراشیكرد، ئەو كەسە كاری سیخوڕی كردووە و ئەركیشی گواستنەوەی نامە بووە لەنێوان چەكدارانی داعش، بەجۆرێك پەیام و نامەی لەنێوان بنكە و بارەگا و مۆڵگەكانی داعش و دەرەوەی سنوورەكانیان گواستوەتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، تیمێكی هەواڵگری سەربازی سەر بە فیرقەی 14ی سوپای عێراق و هێزێكی فەوجی یەكی لیوای پیادە، تیمێكی ئاسایشی حەشدی شەعبی، بەشداربوون لەدەستگیركردنی ئەو چەكدارەی داعشدا و بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر، لەلایەن دادگاوە داواكراو بووە و دەستی لەئەنجامدانی چەندین تاوان هەبووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ماوەیەكە چەكدارانی داعش بە چڕی هێرشەكانیان بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەستپێكردووە و بە دەیان كەسیشیان لێ بووەتە قوربانی.