سەردێر

تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە عیراق و هەرێم ڕوو لە كەمبوونەوە دەكات

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 5068 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 7351 كەسیش چاكبوونەتەوە، 30 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 37 هەزار و 780 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 5068 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بووە، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتر بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و شارەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون بەجۆرێك كە لە بەغدا 1677 و لە بەسرە 759 و لە سلێمانی 351 هەولێر 252، و لە دهۆك 224 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 7351 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و سلێمانی و دیالە و میسان بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 30 كەس بەهۆی پەتاكە.