سەردێر

بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیاو ئێراندا 16 ملیار دۆلارە

خەڵك

سەرۆكی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێم ساڵانە بە بەهای 16 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیاو ئێراندا دەكات.

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ كاریگەرییەكی زۆر خراپی نابێت لەسەر جوڵەی بازاڕ، بەڵام داخستنی سنوورەكان و نەهاتنی كاڵا كاریگەری خراپی دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵاوسان.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر سنوور چاودێری بازرگانی و كوالێتی كۆنتڕۆڵ هەیە و ئەو كاڵایانەی دێنە هەرێمی كوردستان پشكنینی وردیان بۆ دەكرێت، بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت جۆرە خۆراكێك بێتە هەرێم كە بەرواری بەسەرچوونی تەواو بوبێت، بەڵكو لەنێو هەرێمی كوردستاندا بەسەردەچن و لەو كاتەشدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگاكانەوە لەناو دەبرێن.

دەشڵێـت: بەپێی یاسا هەتا ئەو بەروارە بەسەر نەچێت خۆراكەكان لەناو نابرێن.

مستەفا عەبدولڕەحمان وتیشی، لە نێو ئەو خواردەمەنیانەی دێنە هەرێمی كوردستان ئەو بابەتەی كەمترین مەودای بەسەرچوونی هەیە ماستە كە تەنها 7 بۆ 10 ڕۆژ دەمێنێتەوە.

راشیگەیاند، ساڵانە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران بەبڕی نزیكەی 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكات و لەگەڵ توركیاش نزیكەی 10 ملیار .