سەردێر

عیراق.. ١٢٦ قەوارە و ٢٢ هاوپەیمانی لە هەڵبژاردندا بەشدارن

٢٥ ملیۆن و ١٣٩ هەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە پڕۆسەكەدا هەیە

 

خەڵك
بۆ هەڵبژاردنی گشتی عێراق ١٢٦ قەوارە و ٢٢ هاوپەیمانی خۆیان تۆماركدووە و زیاتر لە 25 ملیۆن كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەگەڵ كۆتاییهاتنی وادەی تۆماركردن، ١٢٦ قەوارەی سیاسیی بە هەزار و ٦٣٤ كاندید و ٢٢ هاوپەیمانی بە هەزار و دوو كاندید هەروەها ٨٨٧ كەس بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان بۆ بەشداییكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا تۆماركردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆی گشتیی كاندیدان دەكاتە سێ هەزار و ٥٢٣ كەس و دوای وردبینیكردن لە لیستی ناوی كاندیدان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، لیستی كۆتایی ناوەكان ئاشكرا دەكرێت.

دیارترین هاوپەیمانییە سیاسییەكان لە عێراق كە لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركراون، بریتین لە؛ ھاوپەیمانی ھێزەكانی دەوڵەتی نیشتمانیی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم، هاوپەیمانیی تەقەدومی وەتەنی بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی، هاوپەیمانیی عەزمی عێراق بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر، هاوپەیمانیی وەتەنییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی و هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركووك بە سەرۆكایەتی راكان جبووری.

لە هەرێمی كوردستانیش، هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانییەكیان لەژێر ناوی (هاوپەیمانی كوردستان) پێكهێنا, بڕیاریاندا پێكەوە بە یەك لیست بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن و بە فەرمی هاوپەیمانییەكان كە لەلایەن هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لاهور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكرێت لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركرد.

پێشتریش بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەسرەو گۆران رایگەیاندبوو، كە بەشێوەی لیستی سەربەخۆ لە ١١ پارێزگای عێراق لەسەر ئاستی ٣٠ بازنە و بە ٥٥ كاندید بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا دەكەن و ناوی كاندیدەكانیان رادەستی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەنجام بدرێت كە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە پڕۆسەكەدا هەیە.