سەردێر

وەزارەتی دارایی بڕیاری بۆ هەژماری بانكی فەرمانبەران دەركرد

خەڵك-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە و جەختیشدەكاتەوە، كە ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی یاسای چاكسازیدایە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێم لە گشتاندنێكدا بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ئاماژەی بەوەكردووە، “داوا دەكەین داتا و زانیاری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكەن بۆ ئەوەی ئەژماری بانكییان بۆ بكرێتەوە، ئەوانەی تا ئێستا بۆیان نەكراوەتەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ ماددەی ١٣، برگەی یەكەمە.

هەر بەپێی گشتاندنەكە، فۆڕمێكی تایبەت ئامادە كراوە، كە پێویستە فەرمانبەران ھەموو زانیارییەكان لەو فۆڕمەدا بنووسن بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە ئاگاداری گشت زانیارییەكان بن.

بەپێی یاسای چاكسازی، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێك دەبێت هەژماری بانكی بۆ بكرێتەوە و لەڕێگەی بانكەوە مووچە وەربگرێت و مووچە پاشەكەوت كراوەكانیشی وەك ژمارە بۆ بخرێتە سەری تاوەكو بزانێت چەندی پارە لای حكومەتە، بەڵام ناتوانێت بەكاری بهێنێت تاوەكو هەرێم لە قەیرانی دارایی ڕزگاری دەبێت و بڕیاری نوێ‌ لەبارەیەوە دەدرێت.