سەردێر

ڕێژەی لێبڕینی مووچە تا كۆتایی ئەمساڵ دیاری دەكرێت

خەڵك-
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی کوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، دەشڵێت: “ئەگەر بەغدا پشکی هەرێم نەنێرێت بەگوێرەی داهات لێبڕین لەبودجەدا جێگیر دەکرێت”.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، نووسینەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانان تەواوبووە و لەئێستادا ڕەشنووسی پڕۆژەکە نێردراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرقاڵی تاووتوێ کردنین.

وتیشی، “پڕۆژەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ناردنی پشکی هەرێم داڕێژراوە و چاوەڕوان دەکەین بەمنزیکانە بگاتە پەڕلەمانی کوردستان بەمەبەستی پەسەندکردنی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی عیراق پشکی هەرێم ڕەوانە بکات و بودجە بەمیکانیزمی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا پەسەند بکرێت، ئەوا هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ بەردەوامی لێبڕینی مووچە و داهاتەکان بەشی تەواوی مووچە دەکات، بەڵام ئەگەر بەغدا پشکی هەرێم نەنێرێت، ئەوا هەرێم بەمیکانیزمێکی دیکە بودجە پەسەند دەکات، کە پشت بەداهاتی خۆی دەبەستێت، ئەو کاتەش بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی لێبڕینی مووچە دیاری دەکرێت و لەبودجەی 2021 جێگیر دەکرێت.