سەردێر

پڕۆسەی خوێندن لە عێراق كۆتایی پێدەهێنرێت

خەڵك-
دەسەڵاتدارانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پێشنیارێك دەكەن بۆ كۆتایی هێنان بە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە وڵاتی گرتەوە و بەشێكی زۆری خوێندكاران و مامۆستایانی تووش كردووە بەجۆرێك ڕۆژانە دەگاتە نزیكەی 8 كەس تووشبوو.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (العربی الجدید) لیژنەی پەروەردە و فێركردنی پەڕلەمانی عێراق پڕۆژە پێشنیارێكی داوە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی، كە لەلایەن مستەفا كازمییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ و شوێوازی كۆتایی پێهێنانی.

عەباس زاملی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و فێركردنی پەڕلەمان ڕایگەیاندووە، پێویستە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی و وەزارەتی پەروەردە بڕیار بدەن بە هەڵوەشاندنەوەی دەوامی ناو پۆلی خوێندكاران و تەنها خوێندن بە ئەلیكترۆنی بێت و ڕێكخستنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ژمارەی تووشبووان.

ڕاشیگەیاندووە، خەریكی تووشبوون بە كۆرۆنا دەبێتە مەترسییەكی گەورە و كۆنتڕۆڵ ناكرێت.

زاملی ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی پەروەردە دەست دەكات بە ڕێكاری تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ و دەشتوانێت پشتی پێ‌ ببەستێت بۆ نمرەی كۆتایی و كۆتایی هێنان بە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بۆ زۆربەی پۆلەكان.

دەشڵێت: “بۆ خوێندكارانی 6ی سەرەتایی و 3ی ناوەندی دەكرێت پشت ببەسترێت بە نمرەی نیوەی ساڵ یان ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی نیشتمانی بۆ ئەوەش دەبێت پەروەردە ڕێكاری خۆی بگرێتە بەر بۆ كۆتایی هێنان بە خوێندن و لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوون بە كۆرۆنا”.

لای خۆشیەوە، حەیدەر فاروق، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، كە هەڵپەساردنی دەوامی ناو پۆل یان كۆتایی هێنان بە خوێندنی ئەمساڵ یان زیادكردنی ڕۆژەكانی دەوامی ناو پۆل یان هێشتنەوەی دۆخەكە بەشێوەی ئێستا هەمووی وەستاوە لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی.

جەختیشی كردۆتەوە، دوای تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ، وەزارەتی پەروەردە دەوامی ناو پۆل دەستپێناكاتەوە تاوەكو چەند پێشنیارێك نەخاتە بەردەم لیژنەی باڵا و ڕەزامەندی تەواو وەرنەگرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە لەدوای جەژنی ڕەمەزان پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی تەناوب و 3 ڕۆژ لە هەفتەیەكدا لەناو پۆل لە هەرێم دەستپێبكاتەوە.