سەردێر

شەوانی قەدر دەست پێدەكەن و ئەوقاف بڕیاری نوێی دەركرد

خەڵك –

مامۆستایەكی ئایینی لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەمشەو دەچینە نێو شەوانی قەدر و زیندووكردنەوەی ئەو شەوانە، وەزارەتی ئەوقافیش بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێك دەردەكات.

مامۆستا محەمەد كەڵكەسماقی، وتاربێژی مزگەوتی هەواری زانكۆ لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەمشەوەوە دەچینە نێو شەوە پیرۆزەكانی قەدری ئەمساڵ.

وتیشی، “پێویستە ڕۆژووەوانان خۆیان بۆ ئەم 10 ڕۆژەی كۆتایی مانگی ڕەمەزان ئامادە بكەن و شەوەكانی زیندوو بكەنەوە، كە 10 شەوی كۆتایی ڕەمەزان بە ڕزگار بوون لە ئاگر ناوبراوە”.

ڕاشیگەیاند، ئەمشەو شەوی قەدرە، كە شەوی 20 لەسەر 21ی مانگی ڕەمەزانە و دەبێتە یەكەم شەوی قەدری ئەمساڵی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێك سەبارەت بە مانەوەی موسڵمانان لە مزگەوتەكان لە شەوانی قەدر دەردەكات لەپێناو ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جەختدەكاتەوە لەسەر دەستنوێژ گرتن لە ماڵەوە و پێشكەش نەكردنی هیچ خواردن و خواردنەوەیەك لەو شەوانەدا لەناو مزكەوت.

وەزارەتی ئەوقاف ڕاشیگەیاندووە، پێویستە موسڵمانان بەرماڵ لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ مزگەوت و ماوەی نێوانیان بپارێزن و دەمامك بكەن.

دەقی بڕیارەكان:

یەکەم : شەوی قەدری پیرۆز لەکاتژمێر ١٢ شەو تاکو ئەنجامدانی نوێژی بەیانی مزگەوتەکان کراوە دەبن
دووەم : مەرجە ھەموو کەسێک لەناو مزگەوت ماسک ببەستێ.
سێیەم : دەست نوێژ لەماڵەوە ئەنجام دەدرێ ، نوێژ خوێنان بەرماڵی تایبەت لەگەڵ خۆیان دەھێنن و دووری نێوانيان رەچاو بکرێ لە مەترو نيوێك تا دوو مەتر.
چوارەم : خواردن و خواردنەوە پێشکەش ناکرێ
پێنجەم : پاراستنی پاک و خاوێنی ناو مزگەوت بەگشتی
شەشەم : لەکاتی بونى سەرپێچی، دەسەڵات دەدرێتە ئەوقافەکان بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكانی كارگێری و ياسايی بەرامبەر سەرپێچيكاران
حەوتەم : بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگاکان و ئەوقافی قەزاکان بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جێبەجێ کردنی رێنمیایەکان دەکەن
ھەشتەم : دەزگاکانی راگەیاندن دوای ( ڕێپێدانی ئەوقافی پارێزگا ) دەتوانن روماڵی شەوی قەدر لەمزگەوتەکان بکەن
نۆيەم: ئەم رێنمایانە لەشەوی قەدری پیرۆز لەلايەن مامۆستای ئایینی مزگەوت و نوێژخوێنان وەک خۆی جێ بەجێ دەکرێن