سەردێر

حكومەتی هەرێم؛ نرخی بەنزین هەرزان دەكات

خەڵك
بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین گران نەبێت حكومەتی ھەرێم لە دوو ڕێگەوە ئاسانكاری بۆ بازرگان و بەنزینخانەكان دەكات و لەو ڕێگەیەوە كار بۆ هەرزانبوونی بەنزین دەكات.

ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، حكومەت دەیەوێت بە دوو جۆر ئاسانكاری بۆ بازرگان و خاوەن بەنزینخانەكان بكرێت، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین جێگیر بێت و گران نەبێت.

ڕایگەیاندووە، چەند هۆكارێك بۆتە هۆی ئەوەی نرخی بەنزین گران بێت، لەوانە هاوردەكردنی بەنزین هەندێك توندتركراوە، كە پێویستە كوالێتی بەرزبێت و بەپێی ڕێنمایی نوێ بێت، جگە لەوەش نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان گران بووە و هەروەها نرخی دۆلاریش بەرزبۆتەوە، ئەمانە وایان كردووە نرخی بەنزین گران بێت، بەڵام حكومەت دەیەوێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بە جۆرێك لە بەرژەوەندی ھاووڵاتی و بازرگان و خاوەن بەنزینخانەكاندا بێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەو بەنزینەی پێشتر دەهات، نەخۆشی لێ دروست دەبوو و ژینگەشی پیس دەكرد، بەڵام ئێستا كوالێتی بەرزكراوەتەوە، بۆیە حكومەت بەنیازە لە ڕێكارەكانی هاوردەكردنی بەنزین لە خاڵە سنوورییەكان ئاسانكاری بۆ بازرگانان بكات، ئێمەش لە بەنزینخانەكان ھەندێك هاوكارییان دەكەین، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین گران نەبێت، چونكە ناتوانین دەستكاری نرخی نەوت بكەین و دۆلاریش بە ھەمان شێوە، بۆیە حكومەت بەنیازە لە بازگەكان نەهێڵێت تانكەرەكان دوابكەون و ڕێكارەكان ئاسان دەكات زووتر بێن.

ئاشكراشیكردووە، كە ھەندێك ڕێكارمان گرتۆتە بەر و توانرا ڕێگە نەدرێت نرخی بەنزین بەرز بێتەوە و ڕێكارەكانمان بۆ ئاسانتر كردن، بۆیە ھاوكاریمان كردن و نرخی بەنزین ئێستا باشتر بووە و گرانتر نەبووە، ئەگەرنا گرانتر دەبوو.