سەردێر

خەڵك؛ كاتی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان ئاشكرادەكات

خەڵك-
بڕیارە دوابەدوای تەواوبوونی پشووی جەژنی ڕەمەزان دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەشێوەی تەناوب بكرێنەوە و وەزیری پەروەردەی هەرێمیش دەڵێت: “داخستنی دەرگای قوتابخانەكان هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (خەڵك) كەوتوون، لە ڕۆژی یەك شەممە 16/5/2021ەوە دەرگای خوێندنگەكان بەڕووی خوێندكاران و مامۆستایاندا دەكرێنەوە و تاوەكو بەرواری 22/6/2021 پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت بەشێوەی تەناوب و هەفتانە 3 ڕۆژ دەوام بکرێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئالان حەمەسەعدی، وەزیری پەروەردەی هەرێم و ڕێكان كەمال، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

لای خۆشیەوە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەك شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، تەنیا هەرێمی كوردستان نییە، كە كێشەی نەكردنەوەی خوێندنگەكانی هەبێت، بەڵكو كاریگەری كۆرۆنا لەسەر كەرتی پەروەردە كێشەیەكی گەورەیە، كە لە ئێستادا كێشەی نەخوێندەواری لە 127 وڵاتدا دروست كردووە، چونكە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری.

وتیشی، “بۆ دوای جەژن هەموو هەوڵێك دراوە دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە، لەو كاتەی لە بەردەستدایە سەرجەم وانەكان پوخت دەكرێنەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندن تەواو بكرێ”.