سەردێر

“ڕۆحی ئۆپۆزسیون بوون لە ھەرێم كۆتایی پێهێنرا”

خەڵك-
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی و پەڕلەمانتاری ئەو حزبە لە بەغدا ئاشكرای دەكات، كە حزبە فەرمانڕەواكانی هەرێم سەركەوتوو بوون و توانیان ڕۆحی ئۆپۆزسیۆن بوون بكوژن و كۆتایی پێ‌ بهێنن.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەنجامی سەركردایەتی یەكێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “شۆڕشی نوێ و خەباتی نەتەوەكەمان لە پای بەدیھێنانی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و چەسپاندنی سیستمێكی دیمكراسی بوو، بێگومان دیموكراسیەت و ئازادی بەبێ بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست نایەتە ئاراوە”.

دەشڵێت: “ئۆپۆزسیۆن چاودێرە بەسەر دام و دەزگای حكومەت و كەم و كۆڕیەكان دەخاتە ڕوو و پلانی بەدیلی ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە كاتی ھەتنە سەر حوكم و گرتنە دەستی دەسەڵات”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئۆپۆزسیۆن كار بۆ ھاتنە سەر حوكم دەكات نەك بۆ بوون بە بەشێك لە سیستمی حوكمڕانی، چونكە لە وڵاتی ئێمەدا ئۆپۆزسیۆن پاشكۆی حزبە فەرمانڕەواكانە و بەو ھۆیەشەوە زمانی ڕەخنەی لاڵ دەبێت و توانای چاودێری كردنی نامێنێ.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردووە، بێگومان ھەمیشە حزبە فەرمانرەواكان ڕێگری دەكەن و ھەوڵی شكستپێھێنانی ئۆپۆزسیون ئەدەن لە ھاتنە سەر حوكم و دانیشتن لەسەر كورسی دەسەڵات و ئەم ڕێگریگرتنە لە لای ئێمە بە دوو شێوازە (دروست كردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەروەها كڕینی كادرە چالاك و بەناو ناوبانگەكانیان و لەم كارەشدا حزبەكانی فەرمانڕەوای ناو حكومەتی ھەرێم سەركەوتووبون و بەمەش ڕۆحی ئۆپۆزسیۆن بوونیان لە ھەرێم كۆتایی پێھێنا.