سەردێر

ئاماری مەترسیدار دەربارەی كرێكاران و كارمەندانی ئەهلی هەیە

پێشێلكردنی مافی كرێكاران و كارمەندانی ئەهلی زیادیكردووە

خەڵك-ئارام سەردار

چالاكێكی مەدەنی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری كار ڕایدەگەیەنێت، داتای مەترسیدار لەسەر ڕەوشی كرێكاران هەیە.

هیوا عومەر، چالاكی مەدەنی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ ژینگەی كار بۆكرێكاران و پێشێلكاریەكان لەڕووی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و زیادكردنی كاتەكانی كاركردن و بەكەم سەیركردنی مرۆڤ و چەندین جۆری تر ئەنجام دەدرێت، ڕۆژ بەڕۆژ هەراسانكردنی سێكسی بۆ سەر كرێكاری ژن زیاد دەبێت، ئەمە جگە لەزیادبوونی باج و ڕسوومات لەسەر هاوڵاتیان، حكومەتیش ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆڵی كەمتر دەبێت.

دەشڵێت، بەهۆی نەبوونی بیمەی تەندروستی و بێكاری داوامان كردووە كەمترین كرێ لە ٧٠٠ هەزار دینارەوە جێگیربكرێت، كرێكارانی بیانیش وەك قامچی بەرامبەر بە كرێكارانی ناوخۆ بەكار نەیەت، هەرچەندە نەبوونی هەلی كار زیاتر پەیوەستە بەخراپی سیاسەتی ئابووری هەیە و وەزارەتیش پێی وتوین كەوا ئەوەی لەدەسەڵاتیان بێت ئەنجامی دەدەن.

ئەوەش دەخاتەڕوو، داتای مەترسیدار لەسەر ڕەوشی كرێكاران هەیە، تەنانەت وەك كۆیلە مامەڵە دەكرێت، بۆیە پێویستە ساڵانی وردەكاری ئەو پێشێلكاریانە بخرێتەڕوو، داواشمان كردووە ئەو كرێكارانەی دەستەبەری كۆمەڵایەتیان هەیە ئێستا بێكارن مووچەیان پێبدرێت بۆ سێ مانگ، هەلی كاریش دابین بكرێت، لەگەڵ دەركردنی یاساو هەمواركردنەوەی هەندێ یاسا لەبەرژەوەندی كرێكاران.