سەردێر

بەردەوامی شەڕ هەرێمی كوردستان دەكاتە بەشێك لە توركیا

فەرمانڕەواكان بێدەنگ و ئۆپۆزسیۆنیش نووزەیان لێنایەت چونكە سەر بە دەسەڵاتن

خەڵك-
وەزیری بەرگری توركیا خولووسی ئاكار ئەمڕۆ یەك شەممە بەرەكانی جەنگی لەگەڵ پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەسەركردەوە و بەڵێنیشدا كە شەڕ بەردەوام دەبێت.
هاوكات لێدوانی بەرپرسانی توركیا بە كردنەوەی بنكەی نوێ لە هەرێمی كوردستان و لە مەتینا كاردانەوەی كوردستانی و عێراقی لێكەوتەوە و چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بەو شێوەیە ڕۆڵی توركیا بەردەوام بێت شتێك نامێنێتەوە بەناوی هەرێمی كوردستان.

چەند ڕۆژێكە دەنگۆی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە و لەبەرانبەردا كاردانەوەی نێوخۆی و عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوەو عێراق هۆشداری دەدات لە جێبەجێكردنی پلانێكی لەو شێوەیە.

لوقمان حەسەن چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سیناریۆی ژێربەژێر هەیە لەنێوان توركیا و ئەوانەی خاوەن بڕیارن لە دونیادا بەشێوەیەك ئەوانەی نەخشەی ناوچەكە دادەڕێژن پلانی خۆیان هەیە، توركیا هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە خاكی خۆی دەزانێت و نایشارنەوە لە لێدوانەكانیان و لە بۆنە فەڕمییەكاندا و دەڵێن كار بۆ گەڕانەوەی دەكەین، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی بوونی هەیە و سیناریۆیەكی داڕێژراوەو كاری بۆ دەكرێت لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و توركیاوە.
وتیشی”هۆكاری دووەم ئەو پەیوەندییە زۆرەی 30 ساڵی ڕابردووی حوكمڕانی كوردستانە بەتایبەت پارتی كە پەیوەندی سیاسی و هەواڵگری و لەشكری هەیە لەگەڵ توركیا و هیچكامیشیان ئەوە ناشارنەوە و چەندین جار وتویانە هاوكاریان هەیەو توركیاش دەڵێت هاوبەشمان هەیە لە هەرێم”.

ئاشكراشیكرد، دەستدرێژی توركیا درێژەی دەبێت، شەقامی كوردی دەنگی نەبێت و هەڵوێستی نەبێت كە بەداخەوە دابەش بووە بەسەر حزبەكاندا، ئەوەی لە دەسەڵاتە ئەوە هیچ ئەوانەشی ئۆپۆزسیۆنن هەر سەر بە دەسەڵاتن چونكە مووچەخۆری دەسەڵاتن و نوزەیان لە شەقامدا نەهێشتووە.

ڕوونیشیكردەوە، دەستوەردانەكانی توركیا وادەكات شتێك نامێنێت بەناوی هەرێم، ئەگەر بەو شێوەیە درێژە بكێشێت ئێرە دەبێت بە بەشێك لە توركیا، توركیا چۆن لە شارو شارۆچكەكان یاساكانی خۆی دەسەپێنێت، لێرەش بە هەمان شێوەیە هەرچی بوێت دەیكات و یاساكانی بە ڕەنگو بۆنێكی تر و بەناوی كوردایەتییەوە سیاسەتەكانی جێبەجێ دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، سەركردەی حزبەكانی هەرێم ئەگەر وابیر بكەنەوە هێرشەكانی توركیا بۆسەر پەكەكەیە لە هەرێم و پەكەكە لاواز دەكرێت و ئارامی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم بەو شێوەیە نییە، بەڵكو هیچ ئارامییەك نامێنێت لە هەرێم چونكە ئێرە داگیردەكرێت لەلایەن توركیا و ئەوكات ململانێ گەورەكە دەكەوێتە نێوان توركیا و ئێران و عێراق و شەڕەكە دەبێت بە شەڕی ئەوان، ئەوكات بوونی كورد هیچ كاریگەرییەكی نامێنێت.