سەردێر

حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بەسەر حزبە دەسەڵاتدارەكاندا دابەشبوون

"دەركەوت ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لە كوردستان نییە ئەوانیش لەگەڵ دەسەڵاتن"

خەڵك-
یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق پەردەی لەسەر رووی لایەنەكان هەڵماڵی كە تا چەند دەتوانن شەڕی دەنگ و كورسی بكەن، كاتێك یاساكە تونددەكرێتەوە یان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان نەیانتوانی لەنێو خۆیاندا بەرەكی هاوبەش دروست بكەن بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە، ئەم حزبانە هەرچەندە ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام دواجار ئەوانیش هەریەكەیان لینكێكی ناڕاستەوخۆی بە حیزبە فەرمانڕەواكانی هەرێم یان دەوڵەتێكی ناوچەییەوە هەیە، ئەمە هۆكاری سەرەكی یەكڕێز نەبوونی ئۆپۆزسیۆنە.

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، دوای هەڵبژارنەكانی عێراق دۆخی كوردستان خراپتر دەبێت.

بڕیارە لە 10ی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق بەڕێوەبچێت و دوێنێش لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناوی كاندید و هاوپەیمانیەتییەكانیان ئاشكرا كرد.

پارتی دیموكراتی كوردستان فراكسیۆنی خۆی هەیە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتییان راگەیاندووە و بەشێك لە حیزبە بچووكەكانی دیكەش سەربەخۆ بەشداری دەكەن.
هەندێك سەرچاوەی رۆژنامەوانیش باس لەوە دەكەن كە كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی رێككەوتنی ژێر بەژێریان كردووە بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن.

ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانەی عێراق كە بە فشاری خۆپیشاندەران وادەكەی پێشخرا، زادەی ژمارەیەك قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتین لە عێراق، بەڵام زۆرێك لە هاووڵاتیان بێئومێدن لە خودی هەڵبژاردن و داهاتووی هەڵبژاردنەكانیش لە عێراق، چونكە پێیانوایە قۆناغ دوای قۆناغی هەڵبژاردنەكان لە عێراق گوزەرانی هاووڵاتیان خراپتر دەبێت و هەڵبژاردنەكان هیچ گۆڕانكارییەك لە ژیانی ئەواندا ناكات.

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای هەڵبژاردنەكان دۆخی كوردستان زۆر خراپتر دەبێت، چونكە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەڕاستی كاریان لەسەر ئەوە نەكردووە كە سەركەوتن بەدەست بهێنن، لەبەرئەوە بواری شكستیش زۆرە.

وتیشی”حیزبە بچوكەكان و ئۆپۆزسیۆنەكان خەریكی ئەوەن تەنها پارێزگاری لەو بوونە لاوازەی خۆیان بكەن كە هەیانبووە، هەندێكیشان نایشارینەوە بە فەوزا كار دەكەن، بەشێوەیەك فەوزایەكی دروست كردووە بەناوی ئۆپۆزسیۆن بە جۆرێك دژی واقیعە و دژی هەموو ڕێككەوتنێكە، دژی مەبادیئی سیاسەتە ئەوەش ناوی خۆی ناو ئۆپۆزسیۆن”.

ئاشكراشیكرد، ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن هەرێم، پێی ناوترێت ئۆپۆزسیۆن، چونكە تەنها بوونی خۆی دەپارێزێت، چەندین ساڵە بۆ یەك جاریش هەوڵدراوە ئۆپۆزسیۆن كۆببێتەوە، بەڵام كۆنابێتەوە، بەڵام دەسەڵات بە حاڵ ئاماژەیەك دەدات، هەموو دەچن لەگەڵ دەسەڵات كۆبوونەوە دەكەن و دەسەڵات چی بووێت پێیان دەكات.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد مەرجەعیەتی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دەسەڵات نییە، بەڵكو ئەویش لەگەڵ دەسەڵاتە و دەسەڵات چی پێ بڵێت ئەوە دەكات، ئەوەش یەكێكە لە شكستەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا.