سەردێر

قازی محەمەد یەكەم سەرۆككۆماری كوردستان

ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی پێشەوا قازی محەمەدە

خەڵك –

ڕۆژی 22ی كانوونی دووهەمی 1946 پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە مهاباد كۆماری كوردستان رادەگەیەنێت، پێشەوا لەوەستنامەكەیدا داوای تەبایی و یەكگرتوویی كورد دەكات لە بەرامبەر نەیار و دووژمنەكانیدا، بەڵام ئێستا لە هەموو كات زیاتر كورد پارچەپارچە و دابەشبووە، ئەو یەكەم سەرۆككۆماری كوردستان و سەركردەیەكی دەگمەن بوو لەنێو گەلەكەیدا مایەوە تا مردنی بەپێَچەوانەی زۆرێك لە سەركردە كوردەكانی دیكەوە كە لە كاتی تەنگانەدا هەڵهاتوون.

قازی محەمەد دادوەر و دامەزرێنەر و سەرۆك كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 1ی ئایاری ساڵی 1893 لە دایكبووە و دوای ڕووخانی كۆمار لە بەرەبەیانی ١٠ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)دا لەگەڵ ھاوڕێكانی لە لایەن حكومەتی كاتی تاران لە مەیدانی چوارچرای شاری مھاباد لە سێدارە دران.

ژیانی پێشەوا

قازی محەممەد، كوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەك كە ناوبانگی لە شاری مەهاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵك، بەڵكوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حكومەتیش، جێگەی رێز و پێ‌ زانین بوون.

قازی عەلی باوكی، لە ١٩٣٠ لە مەهاباد رێكخراوێكی كوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێكهێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی هەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش كە كۆچی‌دوایی كرد لەسەر ئەو كارە بەردەوام بووە.

قازی محەمەد لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەكان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەڕەنسایی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەكیش ڕووسیایی ئاشنایەتی كردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێكەڵاوی لەگەڵ زانایانی زەمان، كەسایەتییە گەورەكان، كوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆك عەشیرەتەكان بووە.

دوای كۆچی‌دوایی باوكی، بوو بە دادوەری شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ كاری فەرهەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵك، لە ساڵەكانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی فەرمانگەی فەرهەنگی شاری مهابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرهەنگی كردووە و لە كاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەكەم قوتابخانەی كچان لە مهاباد كراوەتەوە. هەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێك لە خوێندكاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پێوەندی نزیكی بووە.

لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ كە كۆماری كوردستان پێكهاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ئەو لە پێش‌بردنی كاروبارەكان‌دا و بە تایبەتی لە چارەسەریی كێشە عەشیرەتییە‌كاندا دەورێكی بەرچاوی بووە. زۆر لە گرفتەكانی كاری ڕۆژانەی خەڵك لە دیوانی ئەودا كە مەحكەمەیان پێ‌ دەگوت، چارەسەر بووە.

قازی محەمەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ك) بووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ك ڕاوێژیان لەگەڵ كردووە و زۆریان خۆش ویستووە و گەلێكیان هەوڵ دەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو كۆمەڵە.

قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە كە ئەوكات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش كردبوو، ڕێزی تایبەتی بووە. هەر كەس چووەتە مەهاباد تێكۆشاوە بەر لە هەموو كەس چاوی بە ئەو بكەوێ. بانگ كرانی بۆ سۆڤێت هەر لەم پێوەندییەدا بووە، كە لەگەڵ وەفدێكی گەورە سەردانی باكۆیان كرد.

قازی محەمەد مرۆڤێكی فەرهەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و هونەر دۆست، ئەهلی راوێژ و لە هەمان كات‌دا خەباتكارێكی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ هەموو چین و توێژێك هەڵسوكەوتی هەبوو و لە كاتی پێویستدا لە هەست و هێزیان كەڵكی وەر دەگرت.

خوازیاری یەكگرتوویی و تەبایی بووە

وەك ئەوەی لە وەسێتەكەیدا هاتووە، قازی محەمەد برایەتی و یەكگرتوویی كوردی پێ گەورەترین هۆی سەركەوتن بوو.

هەرچەند دەیزانی دوژمنەكانی كورد ڕاستناكەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیاند كورد حەز دەكات لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگات، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بكرێ دەیكات.

لە پێش كۆماردا جاربەجارە لە رۆژنامەی كوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەكرا، لە دوای دامەزرانی كۆمار بە شێوەی فەڕمی نازناوی پێشەوای پێ ‌بەخشرا و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو كۆڕ و كۆمەڵی خەڵك دا هەر باوە.

كۆماری كوردستان لە مهاباد

لە یەكەم كۆنگرەدا، لە ٢٢یەكی ١٩٤٦ بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پێكهاتنی یەكەم كۆماری كوردستان ڕاگەیێندرا.

لە ماوەی دەسەڵات‌داری كۆماری كوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشكاوی بە شای ئێران و قەوام سەڵتەنە (سەرۆك وەزیرانی كاتی ئێران) ڕاگەیاندووە، قامكی لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد داناوە. بە ئاشكرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەكانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی كوردستان چارەسەر بكەن.

ڕووخانی كۆمار

دوای وتووێژی زۆر، تاران و كۆماری كوردستان بە خاڵێكی هاوبەش نەگەشتن و گرفتەكان چارەسەر نەكران. هەر بۆیە بەشوێن ماوەیەك هەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی هێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی كۆماری مهاباد لە لایەن هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان، تەنانەت چەند كەس لەوانەی لەگەڵ قازی سەفەری باكۆیان كردبوو، تاران لە پێش‌دا هێرش دەكاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئازەربایجان و پاشان هێرش دەكاتە سەر كوردستان.

ئەرتەشی ئێران كە قورسترین ئامێری شەڕیان چەند تانكی كۆن بوو، بە هەڵاتنی سەرۆكانی كۆمار بۆ سۆڤێت كۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر كرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مەهاباد بە ڕێ كەوت.

قازی وەك سەرۆك كۆمار دەستوور دەدات هەتا دەكرێت لە شەڕ خۆ بپارێزن، چونكە ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات هەمووان تێدەكۆشن، بەڵام بە هۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاكێشی هێزەكانی سۆڤێت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژ كوردستان داگیردەكرێت.

مەلا مستەفا بارزانی كە ئەوكات لە مەهاباد بوو، هەوڵی دا كە قازی لەگەڵ خۆی بباتە دەرێ، بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، پێداگربوو كە دەبێ لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ كە بە زوویی كۆمار دەڕوخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەك بەرپرسیارێكی گیانی خەڵك، بۆ بەرگری لە كوشتن و وێران كردن، وەك قارەمانێكی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. هەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن كە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەكەی؟‌ بەڵام لە كاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای كوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەك جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: “من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و هیچ كات وەك پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناكەم تا وڵاتەكەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو هەزاران كەس بە كوشت بچن.”

دادگایكردنی قازی

لیژنەی تایبەت كە لە تارانەوە هاتبوون بە سەرۆكایەتی سەرهەنگ غۆڵام حسەین عەزیمی دەگەنە مهاباد و دادگا ڕێدەخەن.
دادگاكە بە دانی بڕیار لە سێدارە دانی هەر سێ كەسەكە كۆتایی هات. بەڵام ئەمە كۆتایی كارەكە نەبوو. قازیەكان لە بەندیخانە‌ كران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە هەمان شێوە دادگای پێداچوونەوە‌ بەڕێوە چوو، ئەگەر چی هەموان لە سەر ئەو بڕوا بوون كە بە تاوانبار ناسینی قازی هەر لە پێش‌دا وەك ئامانجی دادگاكان لە تارانەوە نیشان كرابوو.

لە بەرەبەیانی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای حوكم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمانیشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی كورد لە چوارچرای شاری مهاباد، واتە هەر لەو شوێنەی (٢٢ی یەكی ١٩٤٦) كۆماری كوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەهیدكران.