سەردێر

یەكگرتوو ناوی كاندیدەكانی بڵاو كردەوە

خەڵك
یەكگرتووی ئیسلامی بڵاویكردەوە، چەندین سەركردەوە و كادیری یەكگرتوو وەك كاندیدی تاك ( مرشح الفرد) بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، “بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردنەكان چەندین سەركردەوە و كادیری یەكگرتوو وەك كاندیدی تاك ( مرشح الفرد) بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن و ئێمەش پشتگیریان دەبین”.

هاوكات لە ڕاگەیەندراوەكەدا ناوی كاندیدەكانیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوەتەوە كە ژمارەیان 6 كاندیدە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە…
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
راگەیەندراوێك لە دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ..

لەماوەی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زۆری هەوڵیدا كە هاوپەیمانیەتیەكی فراوانی هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوردستان دروست بێ تا نوێنەرایەتی دەنگی شەقامی ناڕازی بكات، خودی جەنابی ئەمینداری گشتی ئەم دەستپێشخەریەی كرد ،بەڵام بێ ئەنجام بوو هۆكارەكەشی لای ئێمە نەبوو ، بۆیە و بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردنەكان چەندین سەركردەوە و كادیری یەكگرتوو وەك كاندیدی تاك ( مرشح الفرد) بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن و ئێمەش پشتگیریان دەبین و بڕواشمان بە لێهاتوویی و تواناكانیان هەیە لە دەرچوون و خزمەتكردن بەگەڵ و نیشتمان ٫
سەبارەت بە ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، یەكگرتوو هەر لەسەرەتاوە پەرۆشی یەكرێزی و دروستكردنی هاوپەیمانی هێزە كوردستانییەكان بوو و ئامادەیی خۆشی دەربڕی كە كارەكتەرێكی كاریگەری ئەم هەوڵ و هاوپەیمانییەتیە بێ بەڵام دروست نەبوونی ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی هێزەكانی دەسەڵاتە ، لێرەوە رادەگەیەنین كە یەكگرتوو پشتگیری ئەم كاندیدانە دەكات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 2021
عمر كۆچەر لە بازنەی زاخۆ
جمال كۆچەر لە بازنەی دهۆك
زهێر خۆشناو لە بازنەی رۆژهەڵاتی هەولێر
د. پەخشان سیان لە بازنەی رۆژئاوای هەولێر
دارا سێكانیانی لەبازنەی باكووری سلێمانی
مپنی امین لەبازنەی هەڵەبجە
داواش لەهەموو لایەنگر و دۆستان دەكەین كە پشتگیر ئەم كاندیدانە بن.
دەزگای هەڵبژاردن
2021/5/1