سەردێر

چۆن زەكات بدەین و پارە و ئاڵتون بگاتە چەند دەبێ زەكاتەكەی دەربكەین؟

خەڵك-
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم بڕی سەرفیترە و زەكاتی بۆ ئەمساڵ دیاری كرد و شارەزایەكی بواری زێڕیش وردەكاری لێدەركردنی زەكات لە پارە و ئاڵتون ڕووندەكاتەوە.

لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایگەیاند، كە لە بڕی 7 ملیۆن دینارەوە زەكات واجب دەبێت و ئەگەر ساڵێكی بەسەردا تێپەریبێت ئەوا بۆ هەر ملیۆنێك دینار بڕی 25 هەزار دینار زەكات دەدرێت.

دانا وەرتی، شارەزای بواری زێڕ و دراو بۆ (خەڵك) ڕوونی كردەوە، ئەگەر كەسێك زیاتر “لە (17) مسقاڵ ئاڵتونی عەیارە (24)ی هەبێت یان (19.5) مسقاڵ ئاڵتونی عەیارە (21) یان (22.5) مسقاڵ ئاڵتونی عەیارە (18)” و ساڵی بەسەردا ڕۆشتبێ ئەوا زەكاتی لی دەكەوێت.

وتیشی، “بۆ دەركردنی زەكاتەكە پرسیار لەزێڕنگەر دەكەی و بڕی مسقاڵەكان و عەیارەكەی پێ دەڵێی، پاشان ئەویش نرخەكەیت پێ‌ دەڵێت و ئیتر پارەكە هەمووی دابەشی ٤٠ بكە ئەوا ڕێژەی دەركردنی زەكاتەكەت بۆ دەردەكەوێت”.

دانا وەرتی، كە خۆی خاوەنی زێڕنگەری ئازوورایە لە هەولێر جەختی كردەوە، “دەبێ بەنرخی زێڕی كۆن و وەرگرتنەوی لەبازاڕ حسابی ئەو ئاڵتونە بكرێت، كە دەتەوێت زەكاتی لێ‌ دەربكەیت نەك ئاڵتونی تازە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر كەسێك لە ماڵدا پارەی زیاتر لە (19.5) ئاڵتونی هەبێ ئەبێ زەكاتی بدات لە ملیۆنێك 25 هەزار دینار.