سەردێر

ئیسرائیل هۆشداری سەرهەڵدانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

خەڵك-

وەزیری هەواڵگری و ئاسایشی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنامەی ئەتۆمی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگ لە ناوچەكە.

تۆڕی (سپوتنیك( بڵاویكردەوە، ئیلی كوهین، وەزیری هەواڵگری و ئاسایشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە هەوڵە دیبلۆماتییەكانی بەو شێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە و ڕووداوێكی خراپ، ناوچەكە بە خێرایی بەرەو جەنگ دەبات.

وتیشی، “ئیسرائیل ڕوخسەت بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئێرانیش ناتوانێت هیچ جوڵەیەك بكات، چونكە فڕۆكەكانمان دەتوانن بگەنە هەر شوێنێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵبەتە بە ئێرانیشەوە”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی مساد كۆبووەتەوە، ئەمەش دوای نیگەرانییەكانی بەرپرسانی ئیسرائیل لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران.

سەرچاوەیەكی ئاگادار، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمریكا و ئیسرائیلدا كە لە واشنتن بەڕێوەچووە، ئیسرائیلییەكان داوایان كردووە ئازاد بكرێن لەوەی هێرشەكانیان بۆسەر ئێران ئەنجام بدەن.