سەردێر

(خەڵك) پلانی حزبەكانی كەركوك بۆ هەڵبژاردنەكان ئاشكرا دەكات

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، حزبە كوردییەكانی كەركوك كاندیدیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنەكان.

حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی وەكو ئەوان دەیانەوێ كاندیدیان هەبێت، ئەوەش مەترسییە 14 حزبی كوردستان هەیە هەر حزبێك 1 بۆ 2 كاندییدی هەبێت دەنگەكان هەمووی بەهەدەر دەچێت.

وتیشی، “كاندید هەیە دەنگی زۆر دەهێنێت و هەشە كەمتر دەهێنێت، لە ئەنجامدا دەنگێكی زۆرمان بەهەدەردەچێت، كە پێویستە لانی كەم نیوەی كورسیەكانی ئەو شارە بەدەستبهێنین”.

بەپێی زانیارییەكان، هاوپەیمانێتیەكان بەم شێوەیە دەبن، هاوپەیمانی (یەكێتی و گۆڕان و كومەڵ و یەكگرتوو) كە هاوپەیمانیەتیەكە بەشێوەیەكە یەكێتی لەبازنەی یەك چوار كاندیدی دەبێت و لە بازنەی دوو یەك كاندید و گۆڕانیش لە بازنەی یەك تەنها یەك كاندیدی دەبێت، هەریەك لەكۆمەڵ و یەكگرتووش كاندیدیان نابێت، پارتی دیموكراتیش دوو كاندیدی دەبێت و بەجیا بەشداری دەكات لەهەڵبژاردن، بەشێوەیەك لەبازنەی یەك كاندیدێك و لەبازنەی دوویش كاندیدێكی دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بزوتنەوەی ئیسلامی كاندیدیان دەبێت لە بازنەی دوو، حزبی سوسیالیستیش دوو كاندیدیان هەیە لەبازنەی یەك و دوو، هاوكات نەوەی نوێش بڕیارە بەجیا بەشداری هەڵبژاردن بكات و تەنها یەك كاندیدی دەبێت.

حەسەن شێخانی ڕوونیشی كردەوە، لە گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان واڕێكەوتبووین پارتی و یەكێتی لە زۆنی ئەوەی زیاتر كوردن كێبڕكێی خۆیان بكەن، لەو زۆنانەش كە زیاتر ململانێی عەرب و كورد و توركمانە، ئیسلامیەكان كاندیدێكیان هەبێت كە پیاو بێت و حزبەكانی سۆسیالیست و شیوعیش كاندیدێكی ژنیان هەبێت.