سەردێر

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ١ی ئایار “ڕۆژی جیهانی كرێكاران” پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانی مافە ڕەواكانیانە بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئارام و بژیوێكی شیاو دەكەین.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە بۆنەی یەكی ئایار ڕۆژی جیهانی كرێكاران، پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین.

ڕاشیگەیاندووە، كرێكاران بزوێنەر و جووڵێنەری چەرخەی كار و ئابوورین، سەرەڕای ئەو ئەركە قورسەی كەوتووەتە سەر شانیان، ڕۆڵێكی گرنگیان لە بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوەی نیشتمانەكەمان دا هەیە.

دەشڵێت: “حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرزنرخاندنی ڕۆڵی كرێكاران لە كۆمەڵگەدا، پشتیوانی مافە ڕەواكانیانە بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئارام و بژیوێكی شیاو دەكات و لەو پێناوەشدا هەمیشە كاریكردووە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایییەكاندا، مافەكانیان دەستەبەر بكات”.