سەردێر

ماوەی سێ‌ ڕۆژ كارەبا لە چەند ناوچەیەك بۆ كەمتر لە 10 كاتژمێر كەم دەبێتەوە

خەڵك-
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە بەهۆی دانانی تاوەر لە ژێر هێڵی (١٣٢ كەی ڤی) كفری- چەمچەماڵ بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ كارەبا 12 كاتژمێر كەم دەبێتەوە.

بەپێیی بڕیاری ووەزیری كارەبای هەرێم، بۆ ماوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بڕی 20 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان دەدرێت، بۆیە بە كەم كردنەوەی 12 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لەو ناوچانە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بە نزیكەی 8 كاتژمێر دەبێت.

وەزارەتی كارەبای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕینی كارەبا لە قەزای كفری لەڕۆژانی شەممە و یەك شەممە و دوو شەممە بۆ ماوەی (١٢) كاتژمێر بەهۆی كاركردن و دانانی تاوەرە لە ژێر هێڵی (١٣٢ كەی ڤی) كفری- چەمچەماڵ .

ڕاشیگەیاندووە، قەزای كفری تەنها یە ك هێڵی (١٣٢ كەی ڤی) هەیە ئەمەش هەندێك جار دهبێتە كێشە و شاری كفری بێ كارەبا دەبێت، بە بەستنەوەی هێڵی (١٣٢ كەی ڤی ) وێستگەی (١٦٥ مێگاواتی گەرمیان) ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، لەلایەن كۆمپانیای ئەگریكۆوە ئاگاداركراوینەتەوە، كە تا ناوەڕاستی مانگی (٥) وێستگەكە دەست بە بەرهەمهێنان دەكات، بۆیە ناتوانین هیچ بڕە كارەبایەك لەو وێستگەیە وەرگرین ئەگەر ئەو تاوەرانە، كە لەم (٣) ڕۆژە دانرێن تەواو نەبێت.

وەزارەتی كارەبا جەختیشی كردۆتەوە، هاووڵاتیانی كفری و ناحیەكانی ئاگاداردەكەینەوە دوای تەواوبونی كارەكانی خستنە سەر تۆڕی نیشتمانی وێستگەكە، ئەو سێ ڕۆژەی كە بۆ ماوەی (١٢كاتژمێر ) كارەبای نیشتمانیان نەبووە بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە و لەگەڵ مۆلیدە ئەهلیەكانی قەزاكەدا ڕێككەوتن كراوە بە پێدانی كارەبای مۆلیدە لەو ماوەیەدا تا هاووڵاتیان بێ كارەبا نەبن.