سەردێر

عێراق دژایەتی بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی توركیا لە دهۆك ڕاگەیاند

خەڵك-
دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆی توركیا ئامانجی داگیركارییەكانی لە خاكی هەرێم ئاشكراكرد، لایەنە عێراقییەكان دژایەتییان بۆ هەنگاوەكانی توركیا بە بیانووی شەڕی پەكەكە ڕاگەیاند.

سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاندووە، ناوچەی مەتینای نزیك لە ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، كە ئێستا ئۆپەراسیۆنی لێ ئەنجام دەدەین، ناوچەیەكی ستراتیژیە بۆ پەكەكە و نزیكە لە قەندیل، هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا كردمان لەوێش بنكەیەكی سەربازی دروست دەكەین و دەست بەسەر ناوچەكەدا دەگرین.

لای خۆشیەوە، عەمار توعمە، سەرۆكی كوتلەی نەهجی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دژایەتی بۆ هەنگاوە داگیركارییەكانی توركیا ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوەكردووە، دامەزراندنی بنكەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێڕاق پێشێلكردنی سەروەری وڵاتە و دەرخەری پیلانی فراوانكاری و داگیركارییە، كە بەهۆیەوە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات تێكدەدات.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی توركیا دەبێتە هۆی دروست بوونی دڵەڕاوكێ‌ و ئاشووب و ململانێ‌ و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.

سەرۆكی كوتلەی نەهجی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە هەڵوێستێكی نیشتمانی یەكگرتووی عێراقی نیشان بدرێت، كە پاڵپشتی حكومەت بكات بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و كۆتایی هێنان بە هەژموونی بیانی لە وڵاتدا، كە بەهۆیەوە ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت.