سەردێر

نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بەپەلەی ئاڕاستەی عێراق كرد

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر میحوەرەكانی پێشمەرگە پەیامێكی بەپەلەی ئاڕاستەی حكومەت و پەڕلەمانی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان كرد و ڕایگەیاند، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:

كاتژمێر 21:30ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی ڕابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا.

لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
1ی ئایاری 2021