سەردێر

ئەوقافی هەرێم بڕیاری لەسەر زیندووكردنەوەی شەوانی قەدر دا

خەڵك-

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕایدەگەیەنێت، شەوی قەدری پیرۆز لەكاتژمێر ١٢ شەو تاكو ئەنجامدانی نوێژی بەیانی مزگەوتەكان كراوە دەبن.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕێنماییەكانی شەوانی قەدری ڕاگەیاند و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەست نوێژ لەماڵەوە ئەنجام دەدرێت، نوێژخوێنان بەرماڵی تایبەت لەگەڵ خۆیان دەھێنن و دووری نێوانیان رەچاو بكرێ لە مەترو نیوێك تا دوو مەتر.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە..
بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
مامۆستایانی ئایینی بەڕێزو نوێژ خوێنانی خۆشەویست
ئاماژە بە بەیانی ژمارە(١٧)ی ساڵی ٢٠٢١ ی لێژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی نوێژخوێنان بۆشەوی قەدری پیرۆز بریارماندا بە دەرچوواندنی ئەم رێنماییانە.
یەكەم : شەوی قەدری پیرۆز لەكاتژمێر ١٢ شەو تاكو ئەنجامدانی نوێژی بەیانی مزگەوتەكان كراوە دەبن.
دووەم : مەرجە ھەموو كەسێك لەناو مزگەوت ماسك ببەستێ.
سێیەم : دەست نوێژ لەماڵەوە ئەنجام دەدرێ ، نوێژ خوێنان بەرماڵی تایبەت لەگەڵ خۆیان دەھێنن و دووری نێوانیان رەچاو بكرێ لە مەترو نیوێك تا دوو مەتر.
چوارەم: خواردن و خواردنەوە پێشكەش ناكرێ
پێنجەم: پاراستنی پاك و خاوێنی ناو مزگەوت بەگشتی
شەشەم: لەكاتی بوونی سەرپێچی، دەسەڵات دەدرێتە ئەوقافەكان بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكانی كارگێری و یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران
حەوتەم: بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگاكان و ئەوقافی قەزاكان بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جێبەجێ كردنی رێنمیایەكان دەكەن
ھەشتەم: دەزگاكانی راگەیاندن دوای ( ڕێپێدانی ئەوقافی پارێزگا ) دەتوانن روماڵی شەوی قەدر لەمزگەوتەكان بكەن
نۆیەم: ئەم رێنمایانە لەشەوی قەدری پیرۆز لەلایەن مامۆستای ئایینی مزگەوت و نوێژخوێنان وەك خۆی جێ بەجێ دەكرێن