سەردێر

دارایی بۆ مۆڵەتی 5 ساڵ بە مووچەوە بڕیاریدا

خەڵك-
وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا بە پێدانی مۆڵەتی 5 ساڵ بە مووچەوە بە فەرمانبەران و جەختیشدەكاتەوە، كە مۆڵەتەكە بۆ خزمەتی خانەنشینی هەژمار دەكرێت.

فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە لە بڕگەی 1ی ماددە 26، دەسەڵات دەدرێت بە وەزیر یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان پارێزگار یان ئەوەی دەسەڵاتی پێدراوە تاوەكو لەسەر داواكاری فەرمانبەر مۆڵەتی 5 ساڵ بە مووچەی بنەڕەتییەوە بدات بە فەرمانبەر.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو مۆڵەتە بۆ خانەنشینی هەژمار دەكرێت بەو مەرجەی فەرمانبەرەكە لێبڕینی خانەنشینی بدات لەو ماوەیەی مۆڵەتە و دەشتوانێت لەو ماوەیەدا لە كەرتی تایبەت كار بكات بەدەر لە یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران.

وەزارەتی دارایی جەختیشی كردۆتەوە، ئەو فەرمانبەرەی ماوەی 4 ساڵی لە مۆڵەتەكەی تەواو كردووە بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددە 38ی یاسای بودجە، مافی ئەوەی هەیە كۆتایی بە مۆڵەتەكەی بهێنێت و دەستبەكارببێتەوە لە وەزیفەكەی.

ئاشكراشی كردووە، پێدانی مۆڵەتی 5 ساڵ بە مووچەی بنەڕەتی بە فەرمانبەران تەنها بۆ یەكجارە و ناتوانرێت داوای مۆڵەتی دیكەی 5 ساڵی بكرێت.

لە ماوەی ڕابردووشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی 5 ساڵى بە فەرمانبەران دەدا، بەڵام بە بێ‌ مووچە و بۆ خزمەتی خانەنشینی-ش هەژمار كراوە، بەڵام دوای جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجەی عێراق، كە هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی پێوە ڕاگەیاندووە نازانرێت ئاخۆ وەزارەتی دارایی هەرێم كار بەو بڕگەیەی یاسای بودجەی عێراق دەكات و ڕێنماییەكەی هەرێم هەموار دەكاتەوە یان لەچوارچێوەی یاسای بودجەی هەرێم دادەڕێژرێتەوە؟