سەردێر

شەپۆلێكی تاوە باران و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە سبەینێوە شەپۆلێكی لێزمە باران و هەورەتریشقە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و لە بەشێكی ناو شارەكانیش باران دەباریت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١-٥-٢٠٢١ لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست شەپۆلێكی لاوازی بارانبارین و ھەورەتریشقە ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لەڕۆژی یەك شەممەدا ٢-٥ كاریگەری زیاتر ئەبێت بە گشتی بۆ ناوچە شاخاوییەكان.

ڕاشیگەیاند، بەشێوەی چالاكبوونی تاوە باران و بارینی تەرزە و ڕوودانی ھەورە تریشقە لەھەندێك كاتدا بەڕێژەی ١ تا ٦میلیمەتر زیاتر ئەگەری بارانبارین ئەبێت و لە سەنتەری پارێزگاكان و ناوچە نزمەكاندا كاریگەری كەمتر ئەبێتەوە بە شێوەی نمە باران بۆ بارانێكی كەم و چالاكبوونی ھەورە تریشقە لەھەندێك كاتدا.

وتیشی، “لەو مەودایەدا نزمبوونەوە لە پلەكانی گەرما ڕووئەداتەوە بە تێكڕای ٢ تا ٥ پلەی سیلیزی و بە دوو ئاڕاستەی جیاواز خێرایی با چالاك ئەبێت”.

ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی ئەوەشی كردووە، “كاریگەری ئەم شەپۆلە لاوازە تا ئێوارەی ڕۆژی یەك شەمە ٢-٥ بەردەوامی ئەبێت”.