سەردێر

چۆن گرنگی بە دەم و ددان لە مانگی ڕەمەزاندا دەدەیت؟

خەڵك –
مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە نیوەدایە و بەرەو كۆتاییەكانی دەچین، ڕەمەزان بەلای زۆربەی پزیشكانی پسپۆر، كاریگەری باش (پۆزەتیف)ی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بە هۆی گۆڕانی كاتی ژەمە خواردنەكانەوە لەم مانگەدا، هەروەها نەخواردن و نەخواردنەوە بۆ ماوەیەكی درێژ، بۆیە دەم و ددان و لەشمان پێویستی بە خۆگونجاندن هەیە.

تەندروستی دەم و ددان لە مانگی ڕەمەزاندا وەك هەر بەشێكی دیكەی جەستە پێویستی بەوە هەیە قسەی لەسەر بكرێت، ئەو كاتانەی بۆ دیاری بكرێت، كە پێویستە دەم و ددانەكانی تێدا بشۆرێت، یاخود ئەو كاریگەریانەی ڕەمەزان لەسەر ددانەكان هەیەتی چۆن چارەسەر بكرێت.

بۆچی ڕۆژانە بەتایبەت لە (بەیانیان)دا بۆنی دەم دروست دەبێت؟
خواردن لە پارشێوان و زوو خەوتن بە سەریدا، دەبێتە هۆی ترشاندنی ئەو خۆراكانە لە گەدەدا و دروست بوونی گاز (بۆن) ئەنجامە كارلێكی هەرسی خۆراك، بۆیە پێویستە بۆ ماوەی (15 هەتا 30) خولەك دوای پارشێو نەخەوین و هەوڵبدەین خواردن نەخۆین، بەوەش رژاندنی لیك لە لایەن لیكە ڕژێنەكان كەم دەبێتەوە و خواردن لەسەر درزە بچوكەكانی زمان و ددان دەمێنێتەوە، بەمەش بەكتریا هەڵدەسێت بە هەرس كردنی ئەو پاشماوە خۆراكیانە، كە لە ئەنجامدا گازی (بۆن) كبریتی بەكتریایی وەك ئەنجامە كارلێك دروست دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەو بەكتریایانەی، كە دەبنە هۆی كلۆر بوونی ددان كەم دەبنەوە و ڕێژەیی كلۆربوون و هەڵاوسانی پووك لەم مانگەدا دادەبەزێت.

چ كاتێك دەم و ددان بشۆین و چی نەخۆینەوە؟
لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا پێویستە لە شەو و ڕۆژێكدا دوو جار دەم و ددان بشۆین، واتا لە پێش خەوتنی شەوان و پارشێوان، پێش شۆردنی ددانەكانیش بەكارهێنانی دەزوو بۆ پاككردنەوەی نێوان ددانەكان پێویستە، لە ڕۆژیشدا ئاو لە دەم ڕادان بۆ چەند جارێك گرنگە، هاوكات دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی خواردنەوە گایی و بۆندارەكان، بێگومان ئەم هەنگاوانە گۆڕانكاری بەرچاویان دەبێت لە نەهێشتنی بۆنی دەم و ڕاگرتنی تەندروستی دەم و ددان.

سیواك كردن
ڕۆژانە و لە دوای دەستنوێژ گرتن، سیواك كردن، كە سوننەتێكی پێغەمبەریشە (د.خ)، هاوكات وەك پاككەرەوەیەك، بەتایبەتیش بەسوودە بۆ پاراستنی تەندروستی پووك، دەبێت سیواك مانگانە بگۆڕدرێت و بە بەردەوامی بشۆردرێت، دواتر تەندروست دەبێت بۆ بەكارهێنان بە هێواشی و بە شێوەی ستوونی یەك ئاڕاستە.