سەردێر

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی كۆرۆنا لە سلێمانی نهێنی ڤاكسینەكان ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی كۆرۆنا لە سلێمانی، كە پزیشكی هەناوییە ڕایدەگەیەنێت، بۆ دروست بوونی بەرگری دەبێت هەردوو ژەمی ڤاكسین وەربگریت و دەركەوتنی هەندێك نیشانەش دوای ڤاكسینەكە مانای ئەوە نیە تووشی كۆرۆنا بوویت و دەیگوازیتەوە بۆ خەڵكی تر و دەشڵێت: “ئەو سێ‌ ڤاكسینەی لە هەرێم هەن پاشخانی زانستی بەهێزیان هەیە و متمانەپێكراون”.

د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی هەناو و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن لە سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، زۆر قسە و باس هەیە و زۆریش لێمان دەپرسن، كە كامە ڤاكسین لە هەموویان كاریگەرترە و كامەیان لە هەموویان بێزیانترە؟ و دەڵێت: “لە ڕاستیدا ئەو ڤاكسینانەی ئێستا لە كوردستان بەردەستن هەموویان بە فیلتەری زانستیی بەهێزدا تێپەڕیون و بەپێی پێوەرە زانستییەكان كاریگەر و سوودبەخشن بۆ پاراستنی مرۆڤ لە تووشبوون بە كۆرۆنا یان كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مرۆڤدا لە باری تووشبووندا”.

دەشڵێت: “ئەو دامەزراوە و كۆمپانیایانەش كە ڤاكسینەكانیان دروستكردووە پاشخانی زانستیی بەهێزیان هەیە و متمانەپێكراون، بە تایبەت ئەو سیانەی ئێستا لە كوردستان و عێراق هەن: سینۆفارم، ئەسترازینیكا و فایزەر”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، هەریەك لەم سێ ڤاكسینە بە ڕێگەیەكی جیاواز دروستكراوە و بەشێوەیەكی تایبەت هانی كۆئەندامی بەرگری دەدات دژەتەن و شێوازی دیكەی بەرگری لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستبكات.

ڕاشیگەیاندووە، ئاساییە دوای وەرگرتنی هەركام لە ڤاكسینەكان تووشی لەرز و تا و ئازار ببی و لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كەمتر لە ٤٨ كاتژمێر دەخایەنێت، لەكاتی دەركەوتنی ئەم نیشانانە ئاساییە دەرمانی ئازارشكێن بەكاربهێنیت، بەڵام دەركەوتنی ئەم نیشانانە مانای ئەوە نییە كۆرۆنات گرتووە و دەیگوێزیتەوە، نەخێر ئەمە تەنیا كاردانەوەی كۆئەندامی بەرگرییە و نابێتە مەترسی بۆ كەسانی دەوروبەرت.

جەختیشی كردۆتەوە، لە هەندێك باری زۆر دەگمەندا (ڕێژەی یەك لە ٢٠٠ هەزار) لەوانەیە لێكەوتەی نەخوازراوی قورستر دەربكەوێت وەكو مەیینی خوێن، كە پێویست بە چارەسەر دەكات لە نەخۆشخانە.

ئەو پزیشكە ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات، “ڤاكسینەكان بە دوو ژەم دەدرێن، كە نێوانیان چەند هەفتەیەك بۆ چەند مانگێكە و پێویستە هەردوو ژەمەكە وەربگریت تاوەكو باشترین ئاستی بەرگری پەیدا بكەیت و ئاگاداربە لەگەڵ وەرگرتنی ڤاكسینەكە دەستبەجێ بەرگری پەیدا ناكەیت، بەڵكو سێ هەفتەی دەوێت تاوەكو هەندێك بەرگری پەیدا دەبێت و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەك دوای وەرگرتنی ژەمی دووەم ئینجا بەرزترین ئاستی بەرگری دەستپێدەكات، بۆیە ناكرێت لەگەڵ وەرگرتنی ژەمی یەكەم خەمساردی بنوێنیت لە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی”.

ئاشكراشی دەكات، “بە سەرنجدان لەم ڕاستییانە پێتاندەڵێم: باشترین ڤاكسین ئەو ڤاكسینەیە، كە ئاسانتر و زووتر دەستت دەكەوێت”.