سەردێر

یاسای نوێ‌ بۆ پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران دەردەچێت

خەڵك-

لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق هۆكاری دواكەوتنی پلەبەندی نوێی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات و پەڕلەمانتارێكی كوردی لیژنەكەش دەڵێت: “بەهۆی ئەو پلەبەندییە نوێیەوە دەستكاری مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەكرێت”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) یاسای خزمەتی شارستانی و پلەبەندی مووچە لە یاسای مووچەی ساڵی 2008 دەستكاری دەكرێت و جیاوازی مووچە و دەرماڵەی نێوان وەزارەتەكان ناهێڵدرێت بۆ دروستكردنی دادپەروەری لەنێوان فەرمانبەرانی وەزارەتەكان و بۆ ئەوەی فەرمانبەران داوای گواستنەوەی ڕاژەكانیان نەكەن بۆ ئەو وەزارەتانەی دەرماڵەیان زیاترە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مووچەی پلەكانی خوارەوە (10 تا 5) زیاد دەكرێت تاوەكو جۆرێك لە هاوسەنگی لەگەڵ پلەكانی دیكە دروست ببێت.

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، یەكخستنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت گرنگییەكی گەورەی هەیە و دەبێتە هۆی كۆتایی هێنان بەو ئاڵۆزییانەی لە خشتەی مووچەدا هەبوون، چونكە پشت دەبەسترێت بە بڕوانامە و ساڵانی خزمەتی فەرمانبەر بەجۆرێك دادپەروەری لە مووچە دەهێنرێتەدی و هیچ توێژێك بەدەرناكرێت و بۆ هەموو وەزارەتەكان بە یەك جۆر دەبێت.

ئەو پەڕلەمانتارە دەشڵێت: “هەموو هەوڵەكانی پەڕلەمان لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەی بنەڕەتی بۆ یاسای بودجە تەرخان كرابوو، كە یاسایەكی ژیاری و گرنگە بۆ وڵات، ئەوەش بووە هۆی دواخستنی یەكلایی كردنەوەی پلەبەندی نوێی مووچە، بۆیە كە ئێسا بودجە پەسەند كراوە دەست دەكەنەوە بە كاركردن لە یاسای پلەبەندی نوێی مووچە”.

لای خۆشیەوە، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ئاشكرای كردووە، ئاڕاستەیەک هەیە بۆ دەستکاریکردنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام لەم خولەی پەڕلەمانی عێراق دەستکاری مووچەی فەرمانبەران ناکرێت، بەڵکو ئەو پرسە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن.

وتیشی، “دەستکارییکردنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران تەنیا بە پەڕلەمان ناکرێت، پێویستی بە هاوئاهەنگی نێوان حکومەت و پەڕلەمانە، دەبێت حکومەت پڕۆژەیەک ئامادە بکات و ئامارێکی دروستی ژمارە و پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەبێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەما کاری لەسەر بکرێت”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هەموو وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە، ئاماری ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانیان ئامادەبکەن و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن.