سەردێر

ڕای لیژنەی فەتوای هەرێم لەسەر گرانكردنی نرخی شمەك و خۆراك لەڕەمەزاندا

خەڵك-

هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنەوەی مانگی ڕەمەزاندا بازرگان و فرۆشیارەكان نرخی شمەك و كاڵاكان گران دەكەن و مامۆستایەكی ئاینیش ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی ئەو كارە دەكەن، سزاكەیان چەند بەرانبەری مانگەكانی ترە.

د. ئەحمەدی قامیشی، مامۆستای ئایینی و ئەندامی لیژنەی فەتوای هەرێم بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، مانگی ڕەمەزان مانگی ڕەحمەتە، دەبێت سەرجەم موسڵمانانیش ڕەحمەت بڵاوبكەنەوە.

وتیشی، “ئەو كەسانەی شمەك گران دەكەن، كەسانێكی دیندار نین یاخود پەروەردەیەكی ئیمانی نەكراون ‌و ئاستی ڕۆشنبیریان نزمە‌ و ئەوەش پێچەوانەی حیكمەت‌ و فەلسەفەی ڕۆژووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەم كاتەدا، كە قەیرانی دارایی بوونی هەیە، دەبێت كارئاسانی بۆ خەڵك بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت، (چاكترین شت دوای ئەركەكان ئەوەیە، خۆشی بخەیتە دڵی موسڵمانانەوە)، ئەوەش هەزرانكردنی شمەكە لە ئێستادا.

سەبارەت بە سزای ئەو كەسانی شمەك گران دەكەن ئاشكرایكرد، هەروەكو خێر و چاكە خێرەكەی زیاترە لەم مانگەدا، تاوانیش سزاكەی زیاترە.

ڕاشیگەیاند، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، ئامۆژگاریكردنی خەڵكە بۆ كاری چاكە و دەسەڵاتیش بەرپرسیارە لە گرانكردنی شمەك ‌و كاڵاكان، چونكە خەڵكێك هەیە، بڕوای بە دین نییە و بۆتە بەندەی پارە، ئەگەر یاسا و فشاری لەسەر نەبێت، گوێ بە هیچ شتێك نادات.