سەردێر

لیژنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێك بۆ ماركێت و دوكانەكان دەردەكات

خەڵك-
قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە بڕیاریدا ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرم یان بەرتیشكی خۆر دادەنێن یان عەمباری دەكەن دابخرێن.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەمو ئەو ماركێت و دوكان و شوێنانەی خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز یان بەرتیشكی خۆر دادەنێن یان عەمباری دەكەن، دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكرێنەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە پلەی گەرمی بەرز و تیشكی خۆر دادەنرێن، خراپ دەبن و شیاوی خواردن و بەكارهێنان نامێنن، لەكاتی خواردنیشیاندا زیان بە تەندروستی بەكارهێنەر دەگەیەنێت.

داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، “لەكاتی هەبونی سكاڵا یان پێدانی زانیاری بە قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكان پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بكەن”.

پێشتریش، لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ڕێنماییەكان نابێت ئاوی لەدەبەنراو لە شوێنی گەرم و بەرتیشكی خۆر عەمبار بكرێت یان بگوازرێتەوە، چونكە بەهۆی كارلێكی كیمیاییەوه ئاوی ناو دەبە پلاستیكەكان دەبێتە هۆكاری كەمبونەوەی بەرگری لەش و زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

وتیشی، “بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ (25) پلەی سەدی،‌ بەشێكی پلاستیكەكە لەگەڵ ئاوەكە‌ كارلێك دەكات دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە و تێكچوونی هۆرمۆنەكان بەتایبەت لەخانماندا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێش ئەوەی ئاو بكرێتە ناو دەبە پلاستیكەكان ‌ماددەی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنەوە بەكاردەهێنرێت لەبری كلۆر، لەكاتی بەركەوتنی ئۆزۆنەكە بەتیشكی خۆر، ماددەكە شیدەبێتەوە بۆ (O2) لەگەڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) بەبێ كێشە لەگەڵ ئاو تێكەڵدەبێت، بەڵام مانەوەی یەك ئۆكسجین و بەركەوتنی بەتیشكی خۆر، لەش تووشی نەمانی بەرگری دەكات.