سەردێر

كۆمسیۆن كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی یەكلایی كردەوە

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختدەكاتەوە، كە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت و هیچ پاشگەزبوونەوەیەك نییە.

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، کۆمسیۆن جەختدەکاتەوە لەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵە و هیچ پاشگەزبونەوەیەکی تێدانییە.

ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داواش لە هاوپەیمانییە سیاسییەکان، حزبەکان و كاندیدەكان دەکات، “سوود وەرگرن لەوکاتەی ماوە بۆ وەرگرتنی تۆمارکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و پێشکەشکردنی لیستی كاندیدان، کە دوا كات 1ی ئایارە و كاتەكەش درێژ ناكرێتەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە هەنگاو و ئامادەکارییەکانی بەگوێرەی کاتەکانی خشتەی کردارەکان، کە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، تا دەگات بە جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکان، کە متمانەی شەقامی عێراقی و هێزەکانی کۆمەڵگا بەدەستدەهێنێت و لێیان چاوەڕێ دەکەن کارلێکیان هەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراو، بە هۆی ئەو گرنگییە زۆرەی هەیەتی ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەقامگیری و نوێنەرایەتیکردنی ویستی دەنگدەران لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە.