سەردێر

پەڕلەمانتارێك: بۆ لابردنی لێبڕینی مووچە هەر ئەوە ماوە خۆم بسووتێنم

خەڵك-
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان پەردە لەسەر “گەندەڵییەك”ی پشكنینی كۆرۆنا هەڵدەماڵێت و ڕایدەگەیەنێت، بۆ لابردنی لێبڕینی مووچە هەموو شتێكم كردووە و بەس ئەوە ماوە خۆم سووتێنم.

سیروان بابان، پەڕلەمانتاری سەربەخۆ لە پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، “لەوانەیە بە ٥٠ ساڵی دیكە حكومەتی هەرێم یاسایی چاكسازی جێبەجێ بكات، چونكە خۆی دزی كردووە، بەڵگەم لایە چایچی بە پلەی عەمید خانەنیشن كراوە”.

ڕاشیگەیاندووە، “پشكنینی كۆرۆنا كراوە بە خۆڕایی و حكومەتی عێراق تێچووەكەی دەدات، بەڵام بەناوی بینینی پزیشكەوە 3 هەزار دینار لە نەخۆش لە سلێمانی وەردەگیرێت و ئەوجا پشكنینەكەی بۆ دەكرێت، كە ئەوە فێڵە و گەندەڵییە و وەزیری تەندروستی بەڵێنی بەدواداچوونی داوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پارەی نەوت بۆ دز و گەندەڵەكانە و دووكەڵەكەشی بۆ خەڵكی فەقیرە، چونكە داهاتی حكومەت زۆر زیادی كردووە و بۆ لابردنی لێبڕینی مووچە هەموو شتێكم كردووە و بەس ئەوە ماوە خۆم سووتێنم.