سەردێر

شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا سلێمانی دەگرێتەوە

خەڵك-
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی و نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا لە سلێمانی ئاشكرای دەكات، شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا سلێمانی گرتۆتەوە و زۆر قورس و مەترسیدارە و نەخۆشخانەكان جێگەیان نەماوە و دەشڵێت: “پێویستە ئەو نەخۆشانەی لە كۆرۆنا چاكدەبنەوە پزیشكی دەرووونی بیانبینێت”.

د.زانیار ئاغال، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) دەڵێت: ” یەكێك لەو شتانەی كە نەخۆشەكان وا لێدەكات بارودۆخیان تێكبچێت باری دەروونییەكەیە زۆر گرنگە لەناو سەنتەرەكانی كۆرۆنا پزیشكی دەروونی هەبێت بەداخەوە ئێمە نیمانە، كە دەوامیان نییە لەو سەنتەرانە، بەڕاستی پزیشكان و كارمەندەكانیش پێویستیان پێیە ئەمە خۆ مانای ئەوە نییە، كە ئەم كەسە دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی هەناوی لەدەستدابێت تاوەكو پزیشكی دەروونی ببینێت وانییە هەموومان پێویستمان بەوە دەبێت.

دەشڵێت: ” تەنانەت ئەو نەخۆشانەی كە چاكدەبنەوە زۆرجار وەرەقەیان بۆ دەكەین پزیشكی دەروونی بیان بینن لەڕاوێژكارانی دەروونی، چونكە ئەویش بەشێكی گەورەیە لە چارەسەرەكەیە.

ڕاشیگەیاند، یه‌که‌م شه‌پۆل ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی گشتی باسی بکه‌ین ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌مانگی چوار-ی ساڵی ڕابردوودا هات، دووه‌میان ئه‌وه‌ی مانگی هه‌شت و نۆ بوو مه‌به‌ستمان شه‌پۆلی ساڵی پار، ئه‌م شه‌پۆله‌ش له‌ئێستادا هاتووه‌ ده‌توانیین بڵێین له‌ مانگی سێ له‌ نه‌ورۆزه‌وه‌ دروست بوو تاوه‌کو ئێستا.

د.زانیار ئەوەشی وت، “لەشەپۆلی سێیەمداین شەپۆلەكە زۆر زۆر قورسە نەخۆشخانەكان جێگەیان نەماوە زۆربەی زۆری نەخۆشەكان دەبێت ڕابگیرێت هەتا جێگەیەك پەیدا دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا وامان لێهاتووه‌ ته‌نها ئه‌و نه‌خۆشانه‌ بتوانرێت داخل بکرێت، که‌ پێویستیان به‌ ئۆکسجینه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی جێگا نییه‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌که‌، ڕاسته‌ بێده‌کانی خۆی نزیکه‌ی 100 بێد ده‌بێت، به‌ڵام به‌تەواوه‌تی گیراوه‌ و پڕبۆته‌وه‌ له‌ نه‌خۆش، ئێمه‌ش وه‌کو ده‌وامکردنمان له‌وێ به‌ڕاستی لۆدێکی زۆر زۆرمان له‌سه‌ره‌ به‌کارمه‌نده‌کان و به‌ پزیشکه‌کانیش.