سەردێر

شارەوانی دەربارەی كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ بڕیاریدا

خەڵك-
سەرەڕای پەیڕەوكردنی سیسمی وەرگرتنی پارەی خۆڵ لە هاووڵاتیان و دوكاندار و شوێنەكان، بەڵام بەشێكی ژینگەپارێزان لەكاتی نزیك بوونەوە لە جەژن پارە لە هاووڵاتیان كۆدەكەنەوە، بۆیە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، نابێت هیچ بڕە پارەیەك بدرێتە ئەو كارمەند و كرێكاران.

لە ئێستادا بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی، مانگانە بڕی 5 هەزار دینار لە هەر ماڵێك وەردەگیرێت لەپای كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و بۆ دوكاندار و شوێنەكانی دیكە بڕەكەی زیاترە.

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ساڵانێكە ژمارەیەك كرێكار و كارمەندی شارەوانی بەناوی شارەوانییەوە داوای پارەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵك دەكەن و كردوویانە بە زۆرەملێ.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەگەر داوایان كرد ئەوە هەڵوێستی كەسییە و داوا دەكەین خەڵك پارەیان پێنەدات، بەڵام ناشتوانن ڕێگە لەو خەڵكە بگرن، كە بە ویستی خۆیان پارە دەبەخشن.

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دوو ژمارە مۆبایلیشی بڵاوكردووەتەوە بۆ ئاگاداركردنەوەیان لەكاتی داواكردنی پارە لەلایەن كرێكارانی شارەوانییەوە بۆ لێپرسینەوە لێیان، (07511624550 – 07514146642).