سەردێر

توركەكان خۆیان بۆ كەرەنتینە قورسەكە ئامادە دەكەن

خەڵك-
دانیشتوانی توركیا دەستیانكردووە بە عەمباركردنی میوە و سەوزە و ڕژاونەتە بازاڕەكان و دەستیانكردووە بە جێهێشتنی شارەكان و ڕووكردنە شارۆچكە و گوندەكان، ئەمەش وەك خۆئامادەكردن بۆ چوونە نێو توندترین كەرەنتینە و قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، سەپاندنی “كەرەنتینەی تەواوەتی”، تا 17ی ئایاری داهاتوو ڕاگەیاند، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا.

ئەمە یەكەم كەرەنتینەی گشتییە لەسەر ئاستی توركیا كە ماوەی نزیكەی سێ‌ هەفتە بخایەنێت.

پێشتر حكومەتی توركیا، پرۆسەی داخستنی نیمچە گشتی یان قەدەغەی هاتووچۆی لە پشووەكانی كۆتایی هەفتە، بۆ كەمكردنەوەی زیانە ئابورییەكان، هەڵدەبژاردن.

بەپێی كۆتوپێوەندە نوێیەكان، پێویستە دانیشتوان لە ماڵەكانیان بمێننەوە و تەنیا بۆ بازاڕكردن لە كۆگاكان پێداویستییە سەرەكییەكانیان بكڕن، بۆ سەفەركردنیش لەنێوان شارەكاندا پێویستە مۆڵەت وەربگيرێت، ڕێگەش بە چێشتخانەكان دەدرێت، بە دیلیڤەری خواردنەكان بگەیەننە ماڵەكان.