سەردێر

(خەڵك) هۆكاری بەردەوامبوونی لێبڕینی مووچە ئاشكرا دەكات

خەڵك-
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، هۆكاریی بەردەوامبوون لەسەر لێبڕینی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت”حكومەت بیانووی نەماوە و دەتوانێت، بەبێ‌ لێبڕین مووچە دابەش بكات”.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لە ڕابردوودا حكومەت بیانووی ئەوە بوو كە داهات بەشی تەواوی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات و بۆ ئەو مەبەستە پێویستی 895 ملیار دینار هەیە، بۆیە بەپێی ئەو داهاتانەی دەستی دەكەوێت مووچە دابەش دەكات”.

بە وتەی زیاد جەبار:”لەئێستادا بەهۆی زیادبوونی داهات، حكومەت دەتوانێت بەبێ‌ لێبڕین مووچە دابەش بكات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕاگەیەندراومان بڵاوكردۆتەوە و گوشارەكانیش بەرەو ئەو ئاراستەیە بەردەوامن”.

لە كۆتایی قسەكانیدا، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:”حكومەتی هەرێم دەڵێت، تائێستا ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە لێبڕینی مووچە بەردەوامە، ئەمەش بە بیانوویەكی لاواز دادەنرێت”.