سەردێر

لیژنەی دارایی: لێبڕینی مووچە نایاساییە

خەڵك-
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە لێبڕینی مووچە نایاساییە و بەپێویستیشی دەزانێت لە سایەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەران، نەهێڵرێت.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”لە سەرەتاوە وتومانە ئەو لێبڕینە یاسایی نییە و حكومەتی هەرێم لەو هەنگاوەدا پشتی بە هیچ یاسایەك نەبەستووە”.

بە وتەی زیاد جەبار:”پێشتر حكومەت دەیوت داهاتی هەرێم بەشی مووچە ناكات، بەڵام وەك هەموان ئاگادارین، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زۆربوونی داهاتەكان وایكردووە حكومەت بتوانێت بەبێ‌ لێبڕین مووچە بدات، گوشارەكانیش لەو بارەیەوە لەسەر حكومەتی هەرێم بەردەوامن”.

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:”ئەوەی گرنگە لەئێستادا، ڕێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵە كە نەخراوەتە بواری جێبەجیكردنەوە، چاوەڕوانیشین حكومەت پرۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، تا چی دی بابەتی مووچە هات و مووچە نەهات نەبنە هەواڵ”.

زیاد جەبار پێیوایە”گەر پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، هەموو ئەو كێشانە چارەسەر دەبن”، ڕەتیشیكردەوە بزانێت حكومەت لەو ڕووەوە پلانی بۆ مانگی داهاتوو چییە.