سەردێر

پارتی باسی چاوپێكەوتنەكەی نێوان مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح دەكات

خەڵك-
پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە چاوپێكەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی حزبەكە و سەرۆك كۆماری عیراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پێشوازی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد.

بەپێی ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستان كە باسی چاوپێكەوتنەكە دەكات”لەو كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا”.

ماڵپەڕی فەرمی پارتی نوسیویەتی”هەر لەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگیی نێوانیان، وەك فاكتەرێك بۆ سەقامگیریی و بووژانەوەی سەرجەم بەشەكانی عێراق لە قەڵەم درا، وێڕای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێم كە تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو”.