سەردێر

لەشەقامەكانی هەڵەبجە بێبەرامبەر پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام دەدرێت

خەڵك
تیمی پشكنینی كۆرۆنا لە شاری هەڵەبجە بەهاوكاری كۆمپانیای ئیبن سینا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی شارەكە، پشكنینی خۆڕایی بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران لەسەر شەقامەكان ئەنجام دەدەن.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ماوی مانگی رابردوودا، تیمەكانی تەندروستی كارەكانی خۆیان چڕتر كردووەتەوە بۆ بەرگرتن لە زیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكدا، كاری پشكنین بۆ هاووڵاتییان بەبێ بەرامبەر لەسەر شەقامەكان ئەنجام دەدەن.

هێمن جەلال، كارمەندێكی تەندروستیە و دەڵێت، دوای ئەوەی پشكنینەكان ئەنجام دەدەین، نموونەكان دەنێرینە سلێمانی و لە لەماوەی ٢-٣ رۆژدا ئەنجامەكانی دێتەوە.

دەشڵێت، لەرێگەی كورتە نامەیەك تائێستا دوو هەزار و ٥٠٠ پشكنینمان ئەنجامداوە لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا، تائێستا لەو ژمارەیە ١٠٠ كەس ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەرچوون.

ئاماژەی بەوەشكرد ، ئەو كۆمپانیایەی ئەمكارەی لە ئەستۆ گرتووە عێراقییە و بوودجەكەشی لە بەغداوە تەرخان كراوە، دوای ئەوەی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیان پێدراوە، دەستكراوە بەو پرۆژەیە و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكاندا كارەكە ئەنجام دەدەن و هاوكار دەبن لە دابینكردنی كارمەند، دەستكێش، دەمامك و ئۆتۆمبێل و كارمەند، كۆمپانیاكەش بەبێ بەرامبەر كاری پشكنینەكە ئەنجام دەدات.

هێمن جەلال، وتیشی، لە بەرامبەر هەر پشكنینێكدا كە كارمەندانی تەندروستیی ئەنجامی دەدەن، بڕە پارەیەك وەك پاداشت دەدرێتە ئەو كارمەندانەی كە كاری پشكنینەكە ئەنجام دەدەن و تاوەكو زۆرتر پشكنین وەربگرن، بڕی پارەی زیاتر وەردەگرن و دەڵێت، جۆری پشكنینەكە لەرێگەی لووت و قوڕگەوە ئەنجامدەدرێت كەپێی دەڵێن PCR لە بەرامبەردا هیچ بڕە پارەیەك لەو هاووڵاتیە وەرناگیرێت كە پشكنینەكەی بۆ ئەنجام دەدرێت.

هەڵەبجە.. بەبێ بەرامبەر لە شەقامەکاندا پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت