سەردێر

بزوتنەوەی ئیسلامی دڵنیایی دایە توركیا لەهەڵوێستیان بەرامبەر ئۆجەلان

رێبەری بزووتنەوەی ئیسلامی دڵنیایی دایە توركیا كە لێدوانی وتەبێژەكەیان لەسەر ئۆجەلان بۆچوونی شەخسییە

خەڵک –
ڕێبەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەڕێگەی ئاژانسی ئەنادۆڵوی نیمچە فەڕمی تورکیاوە لێدوانێکی وتەبێژی حزبەکەی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیک لەپەکەکە ڕەتدەکاتەوە.

پێشتر لەلێدوانێکیدا عەبدوڵڵا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاندبوو، ئۆجالان ڕێبەرێکی کوردستانە و ژیانی لەئەستۆی بەرپرسانی تورکیادایە، هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەرکی هەموو کوردێکە و ئارامی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە.

لەپاش بڵاوبوونەوە ئەم لێدوانە لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا ناڕەزایەتی دروستبوو، بۆیە داوا لەعەبدووڵا وەرتێ کرا لەوتەکانی پەشیمانبێتەوە، هەر بۆیە عەبدوڵڵا وەرتێ ڕوونکردنەوەیدا و ئاماژەى بۆئەوەکرد، ئەو وتانە ڕای خۆیەتی و مەرج نییە هەر قسەیەکی کرد ڕای فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامیش بێت.

لەدوای ئەوە ڕێبەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکیادا وتی: هەر ئەوکات عەبدوڵڵا وەرتێ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەم لێدوانە ڕای شەخسی خۆیەتی، بۆیە ئەم ڕایە بەهیچ شێوەیەک تەعبیر لەڕای ڕەسمی و گشتی بزووتنەوە ناکات، بەڵکو ڕای شەخسی خۆیەتی و بزووتنەوە بەهیچ شێوەیەک دەست لە کاری هیچ وڵاتێک وەرنادات و ئەم کەیسەش پەیوەندی بەدادگای تورکیاوە هەیە.

ئەوەشی وت: پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆک تۆرگۆت ئۆزال.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تورکیا وڵاتێکی بەهێزو کاریگەری ناوچەکەیەو پێگەوڕۆڵی هەیە لەناوچەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە حزبە ئیسلامییەکان لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت توركیادان خۆیان لا دەدەن لە نیشاندانی هەڵوێست لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی كورد لە باكور و رۆژئاوا و باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان، هەرکاتێکیش کادرێکیان هەڵوێستێکی نیشتیمانی دەرببڕێت، پەشیمانی دەکەنەوە، یاخود سزای دەدەن، لەکۆتاییشدا روونكردنەوە دەدەن دەوڵەتی سەردەستی كورد و دۆستی حزبە ئیسلامییەكان دڵنیا دەكەنەوە كە ئەو لێدوانانە ڕای شەخسی خۆیانە نەک ڕای رەسمی حزب.

پێشتریش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە دۆستی نزیكی توركیایە لێدوانی سەركردە باڵاكانی خۆی رەتكردووەتەوە لە سەر هەندێك پرسی نەتەوەیی، بە لێدوانی رەسمی هەژماری نەكردوون دڵنیایی داوە كە هەڵوێستی رەسمی حزب نین.