سەردێر

پێشانگایەکی کاری دەستی بۆ خانمانی نابینا کرایەوە

 

سلێمانی – نزار جەزا

پێشانگایەکی کاری دەستی بۆ ١٠ خانمی نابینا لەشاری سلێمانی کرایەوە، کە ١٠ خانم پاش بەشداریکردنیان لەخولێکدا بەرهەمە دەستییەکانیان خستەڕوو.

 

جیلان خدر لێپرسراوی بەشی ئافرەتان و خولەکان لەڕێکخراوی  رۆشنایی دڵ بۆ خزمەتى نابینایان، بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، بەردەوام هەوڵیانداوە خانمان لەماڵەوە بهێننە دەرەوە بۆئەوەی لەو گۆشەگیرییەی ماڵەوە دووربکەونەوە، چونکە ژیان لەماڵەوە بۆ خانمان قورسە، ئەگەریش نابینابێت، دووجار قورسە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەڕێگەی خێرخوازانەوە خولێکیان بۆ ١٠ خانمی نابینا کردەوە، کە مامۆستایەکی خۆبەخش لەماوەیەکی دیاریکراودا فێری کاری دەستڕەنگینی کردن.

 

باسی لەئەوەشکرد، لەڕێگەی ئەم خولەوە ئەو خانمانە دەتوانن سەرچاوەیەکی داهات بەدەستبهێنن و خۆیانی پێ بژیێنن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی کاری دەستییان بۆ ئامادەکردوون و لەبەردەستی نابیناکان دانراوە و پێیانوتراوە، کە ئەمانە چین، دواتر بەهۆی بەهێزی تەرکیزی خۆیانەوە دەتوانن جیایانبکەنەوە و بەکاریان بهێنن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، نابینایان ڕاستە نابینن، بەڵام تەرکیزێکی زۆریان هەیە و زۆر زیرەک و وریان، کە دەتوانن زۆر کاربکەن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک گروپ و ڕێکخراو و هەوڵی تاکەکەسی دروستبوون، کە کاری دەستی دەکەن، بەڵام وەک خانمانی نابینا ئەم هەوڵەیان بەگرنگتر لەوانی دیکە دەبینرێت.