سەردێر

هەولێر.. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری لەچەند پۆستێكدا دەكات

خەڵك

بەرلەتەواوبوونی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، گۆڕانكاری لەچەند پۆستێكی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنەكە دەكرێت.

ئەحمەد مازن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی ڕاگەیاندووە: لەچەند ڕۆژی ڕابردوو حەیدەر محەمەد ئەكرەم لە شوێنی عەبدولڕەزاق موشیر وەك بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەستبەكاربوو.

ئەحمەد مازن وتیشی: هاوكات كاروان عومەر ڕەحمان لە شوێنی حەیدەر محمەد لێپرسراویەتی هۆبەی داتاكانی ئۆفیسی هەولێری وەرگرت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشكرد: گۆڕانكارییەكان لە پۆستەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەچوارچێوەی ڕێوشوێنە ئیدارییەكانە و هیچ مەبەستێكی تری لەدواوە نییە.

بڕیارە لە 10/10/2021 پڕۆسەی هەڵبژادنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە.