سەردێر

بارزانی: ناوچەی ئارام كوردستانی كردە پەناگەی ئارام بۆ عێراقیەكان

خەڵك-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە “ئیڤێنتی تایبەت بە یادی 30 ساڵەی ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام بۆ هەرێمی كوردستان” ڕایگەیاند، لە كۆڕەودا پێشمەرگە لە چەند میحوەرێكەوە هێرشی سوپای عێراقی تێكشكاند.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە ئیڤێنتەكەدا، كە بە ڤیدیۆ كۆنفڕانس ئەنجامدرا وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، لە دابین كردنی ناوچەی ئارام دوای كۆڕەو سەرۆكەكانی فەڕەنسا و ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و توركیا بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوەیان دا.

ڕاشیگەیاند، ناوچەی ئارام بووە هۆی ئەوەی كورد بتوانێ‌ پەڕلەمان و حكومەت پێكبهێنێت و هەڵبژاردن بكات و هەروەها كوردستان ببێتە پەناگەی ئارام بۆ هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنە عێراقییەكان.

بارزانی وتی، “دوای پەلاماری كوێت، عێراق سوپاكەی بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان بەكارهێنا و ئەوەش وایكرد خەڵك ئاوارەی ناوچەكانی ئێران و توركیا ببێت”.

ئاشكراشی كرد، جەیمس بەیكەر زۆر زوو هاتە سەر خەت و كاتێك لە ساڵی 1992 لە واشنتن بینیمان پێی وتین، كاتێك لە فڕۆكەدا دیمەنەكانی ئاوارەبوونی گەلی كوردم بینی خۆم پێ‌ نەگیرا بگەمە شوێنی خۆم و هەر لەوێدا تەلەفۆنم بۆ سەرۆك بۆش كرد تا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات و ئەوەبوو ناوچەی ئارام دامەزرا و بۆ ئەوەش سووپاسی بەیكەر دەكەین، كە ڕۆڵی سەرەكی هەبوو.

بارزانی داوای لە هاوپەیمانان كرد، هاوكاری هەرێم بەردەوام بێت، چونكە هێشتتا مەترسی لەسەر گەلی كوردستان ماوە.

جەختیشی كردەوە، بڕیاری 688 بووە هۆی گەڕانەوەی خەڵك بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆی و دەرفەتێكی زێڕینی بۆ خۆبەڕێوەبەری كورد خوڵقاند.