سەردێر

زانیاری نوێ‌ لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە هەرێم ئاشكرادەكرێت

خەڵك-
لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و بەپێی زانیارییەكان، پێدەچێت دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بكەوێتە دوای جەژنی ڕەمەزان و بە تەناوب بێت.

بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا بڕیارە لە عیراق جارێكی دیكە پڕۆسەی خوێندن ڕابگیرێت و دەوامی فەرمانگەكان كەم بكرێنەوە، بەڵام لە هەرێم سەرباری زیادبوونی ئامارەكانی كۆرۆنا داوای كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دەكرێت.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی پارتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پێشنیازكراوە دەوامی قوتابخانەكان تا دوای جەژنی ڕەمەزان بە ئۆنلاین بەردەوام بێت، یەكێكی دیكە لە پێشنیازەكان ئەوە بوو، كە لە ئەگەری گەڕانەوەی خوێندكاران بۆ ناوەندەكانی خوێندن، دەوامی خوێندنگەكان سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ بێت.

بۆ دەروازە سنوورییەكانیش پێشنیازی ئەوە كراوە، سەرجەم خاڵە سنوورییەكان بۆ هاتووچۆی گەشتیاران بە داخراوی بمێننەوە، تەنیا ڕێگە بە بواری بازرگی و شاندە بیانییەكان بدرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، داواش كراوە، بەر لە دەستپێكردنی دەوامی خوێندنگە و ناوەندەكانی خوێندن، سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن.