سەردێر

حكومەتی هەرێم 5 پڕۆژە یاسای پەسەند كرد

خەڵك-
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی هات و 5 پڕۆژە یاسا پەسەند كران و ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت و بڕیاریش درا پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم لە كۆبوونەوەی داهاتوودا پەسەند بكرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە 2021/4/28 مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێكیان تایبەت بە دوا ژمارەكانی پڕۆژە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەكانی ئەنجومەن لە ناو پڕۆژە یاساكە جێگیر بكرێن و دواتر ئامادە بكرێت بۆ پەسەندكردنی كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران ودواتر ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

لە بڕگەی دووەمی كارنامەی كۆبونەوەكە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی كۆبوونەوەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی خستەڕوو، كە تیایدا وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێشنیار و پلان و كاری لە پێشینەی خۆیان پێشكەش كردووە و وا بڕیارە لە‌ھە‌فتە‌ی داھاتوو، پلانی سەرتاسەری بۆ ڕووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی وشكە‌ ساڵی ئامادە‌ بێت تا لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندبكرێت ولە نزیكترین دەرفەتدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

لە بڕگەی كۆتایی كارنامەی كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پێنج پڕۆژە یاسای پەسەندكرد كە بریتی بوون لە : ( پڕۆژە یاسای دادگای تاوانكاری تایبەتمەند بە تاوانەكانی داعش لە هەرێمی كوردستان – عێراق ) و ( پڕۆژە یاسای بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو ژمارە ( 20) ی ساڵی 1998 ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان -عێراق ) و ( پڕۆژە یاسای هەمواركردنی یاساكانی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی وپیشەسازی ، یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ، یاسای بازرگانی) و بڕیاردرا ئەم پڕۆژە یاسایانە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ تەشریعكردنیان.