سەردێر

نزیكەی 7 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 6858 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 7052 كەسیش چاكبوونەتەوە، 44 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 45 هەزار و 878 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 6858 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووششبوونی ڕۆژانە دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و دهۆك و دیالە بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2345 و لە بەسرە 877 و لە دیالە 439 و لە دهۆك 476 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 392 هەولێر 163، و لە دهۆك 476 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 7052 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و دیالە و دهۆك بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 44 كەس بەهۆی پەتاكە.