سەردێر

لە 6 مانگی داهاتوودا نەوت و ئاڵتون بۆ ئەم نرخە بەرزدەبنەوە

خەڵك-
بانكێكی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات لە 6 مانگی داهاتوودا نرخی نەوت بگاتە 80 دۆلار و هۆكارەكانی پشت بەرزبوونەوەی نرخیش ئاشكرادەكات.

گروپێك لە توێژەرانی بانكی گۆڵدن ساكس-ی ئەمریكی پێشبینی ئەوەیان كردووە، كە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بگاتە 80 دۆلار لە 6 مانگی داهاتوودا ئەوەش بەهۆی لابردنی بەربەست و مەرجەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمكردنەوەی نرخی سوود و لاوازی بەهای دۆلار.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بانكە ئەمریكییەكە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێت لەو كاتەی دەگاتە 80 دۆلار، نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس-یش دەگاتە 77 دۆلار لەو ماوەیەدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی ئەوە دەكرێت بەرزترین خواست لەسەر نەوت لە مێژووودا تۆمار بكرێت و زیادەی بەرهەمهێنان بگاتە 5.2 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ماوەی 6 مانگی داهاتوودا.

توێژەرەكانی بانكەكە دەشڵێن: “كەمكردنەوەی بەربەست و مەرجی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە مانگی ئایاری داهاتووەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی فڕۆكە بەڕێژەی 1.5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە”.

ئەوەشخراوەتەڕوو، نرخی ئاڵتون لە 6 مانگی داهاتوودا بۆ هەر ئۆنسەیەك دەگاتە سەرووی دوو هەزار دۆلار.