سەردێر

مەلا بەختیار: لە لوتكەوە بۆ دامێن نەوت و جەوت دەدزرێ

خەڵك-
بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەخنە لە بەرپرسانی هەرێم دەگرێت لەپای چارەسەر نەكردنی دۆخی ژیانی خەڵك و بنبڕ نەكردنی گەندەڵی و دەڵێت: “وڵاتەكە تاڵان دەكرێ”.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك لە”كورتیلە ڕەخنە”یەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژانە، قورگی هەندێك پەرلەمانتار، بەهۆی پەیتا پەیتا باسكردنی گەندەڵیەوە بریندار بووە؛ ئەمانە، دەیسەلمێنن كە لە لوتكەوە بۆ دامێن، نەوت و جەوت، دەدزرێ.

دەشڵێت: “حاڵ لە دوو حاڵ بەدەرنییە، یان حكومەت و پەرلەمان توانای چارەسەركردنی فراوانبونی گەندەڵیان نییە یاخود، لەناو حكومەت و پەرلەمانیش، گەندەڵكار هەیە و ناوێرێت كەیسەكە هەڵبداتەوە. نەكا بەرۆكی خۆشیان بگرێتەوە!”.

مەلا بەختیار سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕیووە، “سەیرە..! وڵاتەكە تاڵان دەكرێ. مووچەخۆریش لە برسێتی قۆڕەی سكیان دێ. پاشەكەوتی بودجە چارەسەر ناكرێ. وا لە هەڵبژاردنیش نزیك دەكەوینەوە. ئیتر پڕ و پاگەندەی هەڵبژاردن دەست پێ دەكات. بەشێكی برسیەكان گەندەڵەكانیان بیر دەچێتەوە. زوڕناكە، ئەوانیش هەڵدەپەڕێنێ!”.