سەردێر

تەندروستی بابەتی “مردنی مامۆستاكەی بە ڤاكسینی فایزەر” یەكلایی كردەوە

خەڵك-
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی مردنی هاووڵاتیەك، كە پیشەی مامۆستایە بە فاكسینی فایزەر، تەندروستی كۆیە لیژنەیەكی پێكهێنا و لە ڕوونكردنەوەیەكی ڤیدیۆییدا ڕاستی و دروستی بابەتی “مردنی مامۆستا محەمەد مەنمی بە ڤاكسینی فایزەر” یەكلایی كردەوە و وتەبێژی تەندروستی كۆیە دەڵێت: “بە جەڵتەی دڵ مردووە نەك ڤاكسین”.

هاوكار عەلی، وتەبێژی تەندروستی كۆیە لە ڕوونكردنەوەیەكی ڤیدیۆییدا بە ئامادەبوونی لیژنەی لێكۆڵینەوە و خانەوادەی مامۆستا كۆچكردووەكە ڕایگەیاند، لیژنەی پێكهاتوو لەلایەن تەندروستی كۆیەوە لێكۆڵینەوەی خۆی كردووە و قسەی لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا كۆچكردووەكە كردووە و زانیارییەكان لە پزیشكی ئێشكگر لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالید وەرگرتووە و گەیشتۆتە ئەنجامی كۆتایی.

ڕاشیگەیاند، بەپێی ئەنجامەكان مردنی مامۆستا محەمەد پەیوەندی هەبووە بەو نەخۆشیانەی مامۆستا هەیبووە وەك (نەخۆشی تەسك بوونەوەی دەمارەكی دڵ و نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن) و پێش مردیشی تووشی تەنگەنەفەسی بووە و هەموو نیشانەكانیشی ئەوە بووە، كە بە نەخۆشی دڵ كۆچی دوایی كردووە.

ئاشكراشی كرد، لە هەموو وڵاتان سەرەتا ڤاكسین بۆ ئەو كەسانە بەكاردێت، كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە نمونەی بەرزی فشاری خوێن و شەكرە و نەخۆشیەكانی دڵ بۆ ئەوەی سەلامەت بن و تووشی مەترسییەكانی تووشبووون بە كۆرۆنا نەبن، چونكە ئەگەر تووشببن كاریگەرییەكان بە قورسی لەسەریان دەردەكەوێت.

جەختیشی كردەوە، تەنها لە یەك حاڵەت ڤاكسین بەكارناهێنرێت، ئەویش ئەگەر كەسەكە هەستیاری هەبێت بە ڤاكسین، بۆیە بەهیچ شێوەیەك مردنی مامۆستا محەمەد پەیوەندی بە ڤاكسینەوە نییە، چونكە ڤاكسین بۆ سەلامەتی ئەوانەیە، كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە نەك ئەوەی بەو جۆرەی باس دەكرێت، كە گوایە بە ڤاكسینەكە مردبێت.